دیمەنی گوڵە گەنم - وێنە: 964
شاندێک بۆ زیادکردنی بڕی وەرگرتنی گەنمی هەرێم لە بەغدایە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، بۆ زیادکردنی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کوردستان چووەتە بەغدا و ناڕەزایەتییەکان لەمبارەیەوە دەگەیەننە حکومەتی عێراق.
شاندەکە بەشداریی دەکەن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری ئابووریی عێراق و لەوێ داوا دەکەن بڕی ئەو گەنمەی لە جووتیارانی هەرێم وەردەگیرێت، هاوشێوەی شارەکانی دیکەی عێراق بێت.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، یەکشەممە لە راگەیەندراوێکی فەیسبووکدا وتی، “لەسەر بابەتی رێگریکردن لە رۆیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ ناوەراست و خواروی عێراق، شاندەکەی هەرێم نامەیەکی نارەزایەتی و داواکاری دەگەیەننە ئەنجومەنەکە”.
بە وتەی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم، نووسراوێکی فەرمیان لە بارەی ناڕەزایەتی و داواکاریی جووتیارانی هەرێم داوەتە ئەنجومەنی وەزاری ئابووریی عێراق.
بڕیار وایە، 160 هەزار تۆن گەنمى جووتیاران لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان، بڕى 115 هەزار تۆن لە پارێزگای هەولێر و 100 هەزار تۆنی دیکەش لە بەرهەمى ئەمساڵى جووتیارانی دهۆک وەربگیرێت.
هەروەها چەكی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم بۆ ساڵی 2023 بە بڕی 40 ملیار دینار هاتووە و بۆ ئەو 375 هەزار تۆن گەنمە خەرج دەکرێت، کە لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دووراوەتە.