راهێنه‌رەکەی چه‌مچه‌ماڵ ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌

+964
هۆگر عه‌دنان – چه‌مچه‌ماڵ

یونس سلێمان راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانه‌ی چەمچەماڵ، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی له‌ خولی نایابی كوردستان، به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانه‌كه‌، ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌.

رێبوار خدر سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ بە 964+ی وت، یونس سلێمان دەستی لە راهێنەرایەتی یانەکە کێشاوەتەوە و ئێستا تیپه‌كه‌یان بێ راهێنه‌ره‌ و هه‌وڵی په‌یداكردنی راهێنه‌رێكی دیكه‌ ده‌ده‌ن.

یونس سلێمانی راهێنه‌ر، خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستانه‌، پێشتر مه‌شقی به‌ چه‌ند یانه‌یه‌كی دیكه‌ی وه‌ك “هه‌ولێر، كۆیه‌، نه‌ورۆز” داوه‌.

سه‌رۆكی یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ده‌ڵێت، “چاومان له‌ نازناوی خولی كوردستانه‌

رێبوار خدر وتی، “ئێمه‌ چاومان لە بەدەستهێنانی نازناوی خولی كوردستانه‌، بۆیە بە ئەنجامە خراپه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی تیپه‌كه‌مان رازی نین”.

“ئێستا دڵشاد کەریم به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی سەرپەرشتی راهێنانه‌كانی تیپه‌كه‌ ده‌كات” سه‌رۆكی یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ وای وت.

دوای به‌ڕێوه‌چوونی گه‌ڕی هه‌شته‌م له‌ خولی ئه‌م وه‌رزه‌ی نایابی كوردستان، یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ له‌ پله‌ی نۆیه‌مه‌ و نۆ خاڵیشی هه‌یه‌.

چه‌مچه‌ماڵ كه‌ دوێنێ له‌ گه‌ڕی هه‌شته‌م به‌ سێ گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر به‌ یانه‌ی سیروانی نوێ دۆڕا، تا ئێستا له‌ هەشت یارییدا یەک بردنەوە و یەک دۆڕان و شەش یەکسانبوونی هەیە.