سایلۆی مەخمور ئامادەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران
964+
فەهمی نەبی
سایلۆی مەخمور رایدەگەیەنێت، لە ئێستاوە دەرگای سایلۆکەیان کراوەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و لەنزیکترین کاتیش پارەکەی وەردەگرن.
فازڵ رەسوڵ، جێگری بەڕێوەبەری سایلۆی مەخمور، بۆ 964 وتی “لە ئێستا کە قسە بۆ ئێوە دەکەم دەرگای سایلۆ کراوەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران”.
هاوکات فازڵ رەسوڵ ئەوەش دەڵێت: جوتیاران دەتوانن لەماوەیەکی کورتدا لە لقی بانکی رەشید لە مەخمور، پارەی گەنمەکانیان وەربگرن، بەپێی ئەو نرخەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دیاریکردووە.
لەمەوبەر وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق، نرخی وەرگرتنی تۆنێک گەنمی بە 850 هەزار دینار دیاریکردبوو.
قەزای مەخمور، پێشووتر بە سەبەتەی خۆراکی عێراق ناودەبرا، ئەمەش لەبەر بەپیتی خاکەکەی و زۆری داهاتی ساڵانەی گەنم لەو ناوچەیە، هەر بۆیە گەورەترین سایلۆ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە مەخمورە.
قەزای مەخمور لە سێ ناحیە قەراج، گەوێڕ و دیبەگە پێکدێت، 30 گوند لەخۆدەگرێت، بەدووری 65 کیلۆ مەتر دەکەوێتە خۆرئاوای شاری هەولێر.