بەدواداچوون
ئەمڕۆ لە كەپران چی روویدا؟
964+
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
ئەمڕۆ لە گوندی كەپران لە نزیك گوێڕ رووبەڕووبونەوە لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی داعشدا روویدا، لە ئۆپراسیۆنێكی كێوماڵكردنی ناوچەكەدا.
لە نێوان سنوری هەرێمی كوردستان و عێراقدا، چەند ناوچەیەك هەیە، لەژێر سنوری ئەمنی هێزەكانی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستاندا هەیە، بە ناوچەی بۆشایی ئەمنی ناودەبرێن.
چەند ناوچەیەك لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا بووەتە شوێنی چەكدارانی داعش
لە سنوری ناحیەی گوێڕەوە، لە گوندی كەپران، چەمێك هەیە، درێژدەبێتەوە بۆ ناوچەكانی خوارووی عێراق تا دەگاتە سنوری موسڵ لە نزیك گوندی موشنیف، لە كەركوكیشەوە لە ناوچەی كەیوان و پردێ و دەشتە بەرینەكانی و چەند ناوچەیەكی تر لە نزیك كۆپری و دەورووبەری، پێیان دەوترێت ناوچەی بۆشایی ئەمنی.
بەپێی زانیارییەكانی سوپای عێراق و پێشمەرگە، ناوە ناوە چەكدارانی داعش ئەو بۆشاییە ئەمنیە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی نزیك ببنەوە لە بنكە و بارەگاكانی هێزەكانی پێشمەرگە كە نزیكن لە سنورەكانی كۆتا سنوری مادەی 140 و ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، هەندێك جار پەلامارەكانیش زیانی گیانی و مادی هەبووە.
هەندێك جار داعش لەو سنورەوە هێرش دەكاتە سەر پێشمەرگە و سوپای عێراق
حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو لیوایان پڕچەك كردووە بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی لە بۆشایی ئەمنیدان پڕ بكەنەوە و رێگە بە هێرشی چەكدارانی داعش و گروپە چەكدارەكانی دیكە نەدرێت.
هێزە هاوبەشەکە لە لیوای 20ـی پێشمەرگە و لیوای 66ـی سوپای عێراق پێکدێن، سەرپەرشتیاری یەکێک لە لیواکان کوردە و جێگرەکەی لە نەتەوەی عەرەبە، ئەوی دیکەشیان فەرماندەکەی عەرەبە و جێگرەکەی لە کوردە.
بۆ چارەسەری ئەو كێشانە دوو لیوای هاوبەش پێكهێنراوە
پێکهێنانی ئەو دوو لیوا هاوبەشە بۆ پڕکردنەوەی نزیکەی 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنییە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان دروستبووە و ناوبەناو داعش هێرش و پەلامار ئەنجام دەدات.
بەڵام تا ئێستاش چەكدارانی داعش لەو سنورە بەردەوامن، رۆژی سێشەممە، هێزەكانی حەشدی شەعبی لە سنوری گوندی موشنیف، لە ئۆپراسیۆنێكدا توانیان شەش چەكداری داعش بكوژن، كە لەو سنورانەوە دزەیانكردبووە ناوچەكانی نزیك لە بنكە و بارەگاكانی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق.
رۆژی هەینیش، لیوای 22ی هێزەكانی پێشمەرگە كێوماڵی ناوچەكەی كرد، لە گوندی كەپرانەوە تا نزیك بنكەكانی هێزەكانی سوپای عێراق لە سنوری ناوچەی بۆشاییە ئەمنیەكان
لە یەك هەفتەدا دوو جار داعش هێرشیكردووەتە سەر پێشمەرگە
لەناو زەل و قامیشەكانی چەمەم و ئاوەكانی گوندی كەپران، چوار چەكداری داعش تەقەی هەڕەمەكییان لە هێزەكانی پێشمەرگە كردبوو، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبوو، لە رووبەڕووبونەوەیەكدا چەكدارەكان كوژران، وریا زیارەتی فەرماندەی لیوای 21ی هێزەكانی پێشمەرگە ئەم زانیاریانەی بۆ 964 پشتڕاستكردەوە.
ئەو فەرماندەیە، لە پاش چوار كاتژمێر لە روودانی شەڕەكە پەیوەندیمان پێوەكرد، وتی “هەموومان باشین و دۆخەكەش كش و ماتە و هیچ زیانێكی گیانی و مادیمان نەبووە”.
مەسعود نووری بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ بە 964ی وت، دۆخی ناحیەکە جێی مەترسی نییە و هێزەکانی پێشمەرگە کۆنتڕۆڵی سنورەکەیان کردووە.
ئێستا دۆخەكە ئارامە
ئۆپراسیۆنەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو سنورانە بە ئاگاداری یەكتر دەیكەن، هەندێك جار هاوڵاتیانی ناوچەكە زانیاری بە هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەدەن و هەندێك جاریش هەواڵگری خۆیان زانیای لەسەر چەكدارەكان كۆدەكەنەوە.
جەودەت ئەسعاف، فەرماندە لە هێزەكانی حەشدی شەعبی بە 964ی راگەیاند، رۆژی سێشەممە لە ئۆپراسۆنێكدا شەش چەكداری داعشیان كوشتووە، وتیشی، “گوێقوڵاغن و بە بەردەوام پەیتا پەیتا، كێوماڵ و پاككردنەوەی ناوچەكە دەكەن”.
حەشدی شەعبی دەڵێت گوێقوڵاغی وەزعەكەن
گوندەكانی ئەو سنورە، بەشێكیان خۆیان چەكیان هەڵگرتووە، بۆ حاڵەتی لەناكاو و ترسی روودانی هەر هێرشێكی لەناكاو بۆ سەر گوندەكانیان، شەوانیش بەشێكیان نۆرە دەگرن پەیوەندیشیان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیشدا زۆر باشە.
ئۆپراسیۆنەكان، لەلایەن ئەو دوو لیوایەوە دەكرێت كە هێزەكانی هاوپەیمانان پڕچەكی كردوون و ئامادەی كردوون بۆ ئەوەی دۆخی ئەمنی ناوچەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سوپای عێراق بپارێزن.