هەینی بەفر دەبارێت
964+
فەرمان سادق
بەپێی پێشبینییەکان بێت ئەوا سبەی پێنجشەممە باران دەبارێت و رۆژی هەینیش بەفر.
بەشی پێشبینی کەشوهەوا ئەمڕۆ چوارشەممە 29.3.2023، بلاوی کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەکەوێتەبەر بارستە هەوایەکی سارد کە لە تورکیاوە دێت و سەرچاوەکەی جەمسەری باکوورە.
بارستە هەوایە ساردەکە سبەی پێنجشەممە دەگاتە دهۆک و ئەگەری هەیە شەوەکەی باران ببارێت و لەناوچە شاخاوییەکانیش بەفر ببارێت.
دوای گەیشتنی بە دهۆک، بۆ رۆژی هەینی ئەو بارستە هەوایە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینى دابارینیش دەکرێت تایبەت لە کاتەکانى بەرەبەیانی رۆژى هەینى کەمێک باران و بەفریش لەسەر لوتکەى شاخە بەرزە سنوورییەکان دەبارێت.
لەگەڵ بەردەوامى نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما لە رۆژى هەینى شەپۆڵێکى بەفر بارین ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بە تایبەت ئەو ناوچە شاخاوییانەى بەرزیان لە 2000 مەتر زیاترە بەفر بارینى دەبێت.
چڕترین ماوەى بەفر بارین دەکەوێتە شەوى هەینى و بەرەبەیانى رۆژى شەممە، ئاستى بەفرى پێشبینیکراویش لەنێوان 5 بۆ 15 سانتیم دەبێت، هەروەها رۆژى شەممەش نزمترین پلەکانى گەرما لە قەزاو ناحیەکانى ناوچە شاخاوییەکان نزیک دەبێتەوە لە سفر پلەى سیلیزى و لە سەنتەرى پارێزگاکانیش لەنێوان 2 بۆ 4 پلەى سیلیزى دەبێت.