چی لە بارەی کۆگای فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران دەزانیت؟
زانیاری نوێ لە بارەی (ئیگل 44) بڵاوکرایەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، بنکەی ئیگل 44ی ئێران لە هێرشەکانی مانگی رابردووی ئەمریکا بۆردومان کراوە، بەڵام باس نەکراوە.
ئیگل 44 بنکەی هێزی ئاسمانیی ئێرانە لە ژێرزەوی، دنیایەکی جیاواز لە ژێر شاخەکان بونیاد نراوە، دەکەوێتە پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران.
وێنەی مانگە دەستکردەکان شتی تازەیان لە بارەی بۆردومانی شوێنەکە ئاشکرا کردووە، هەروەها رۆژنامەی نیویۆرک تایمز زانیاریی نوێی بڵاوکردەوە، کە پێشتر باس نەکراون.
سەرچاوەکە دەڵێت، ئیگل 44 مانگی رابردوو لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە.
وێنەکان چاڵ و شوێنەواری گەورەی بۆردومانەکان پێشان دەدەن، ئەو تۆنێلانەی دەچنەوە سەر کۆگای فڕۆکەکان بە هەمان شێوە بۆردومان کراوە، جگە لەوە رێڕەوی فڕین (مەدرەج) زیانی بەرکەوتووە و فڕینی پەکخستووە، هەروەها بینایەکی تایبەت بە کارە بیناسازییەکانی ناوچەکە تێکدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە رێڕەوی فڕینەکە ئێران خۆی بەربەرستی خۆڵی دروست کردووە، بۆ ئەوەی هیچ فڕۆکەیەکی نەیار نەتوانن بنیشنەوە
ئیگل 44 تەنیا 160 کیلۆمەتر لە گەرووی هورمز دوورە و لە ساڵی 2013 دەست بە دروستکردنی کراوە و پڕۆژەیەکی سەربازیی گەورەیە، فڕۆکەی جەنگی و درۆنی زۆری تێدایە، لە 2023 ئێران خۆی وێنەکانی بنکەکەی بڵاوکردەوە.