لۆگۆى هەسەدە
لە کۆبانێ و رەقە
هەسەدە: دیمەشق ئاگربەستی پێشێل کردووە
964+
وریا فەتاح
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا ڕێککەوتنی ئاگربەستیان پێشێل کردووە و چەندین هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە نیشتەجێبووەکان و دامەزراوە هەستیارەکان لە ڕیفی حەلەب و رەققە.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، تەنها لە دوێنێدا 22 پێشێلکاری لەلایەن “فەسیلەکانی دیمەشق”ـەوە تۆمارکراون، ئەمڕۆش بە چەکی قورس و تۆپخانە دەوروبەری شارۆچکەی “سەرین” و گوندی “خرووس” لە باشووری کۆبانێ تۆپباران کراون.
بەپێی بەیاننامەکە، دیمەشق سیاسەتی “سزای بەکۆمەڵ” دژی مەدەنییەکان پەیڕەو دەکات لە رێگەی:
بڕینی تەواوەتی ئاو و کارەبا لە کۆبانێ، لەگەڵ رێگریکردن لە ناردنی سووتەمەنی لەم ورزە سەختەی زستاندا.
تۆپبارانکردنی دەوروبەری “زیندانی ئەقتا” کە چەکدارانی داعشی تێدا دەستبەسەرە، هاوکات بڕینی ئاوی خواردنەوە لە زیندانەکە کە مەترسییەکی گەورەی مرۆیی و ئەمنی دروست کردووە.
هەسەدە حکومەتی دیمەشق بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم گرژیانە دەزانێت و هۆشداری دەدات کە بە ئامانجگرتنی زیندانەکانی داعش سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها داوا لە لایەنە “زامنکارەکان”ی رێککەوتنی ئاگربەست دەکات، بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەم پێشێلکارییانە.