ئاسانکارییەکی تەواو بۆ دەستەی دەسپاکی دەکات

فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامان دەکرێت بە ئەلیکترۆنی

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

دوای شەش مانگی تر کارکردنی بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان دەستپێدەکات و دەستەی دەسپاکی دەڵێت ئەو کارە زۆر گرنگە.

هەفتەی پێشوو شاندێکی دەستەی دەسپاکی هەرێم لەسەر بانگهێشتی بانکی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ئوردن بووه و لەسەر ئەزموونی ماڵدۆڤیا و ئۆکرانیا بەشداری خولێکی بە ئەلیکترۆنیکردنی دەزگاکەیان کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی دەستەکە کە بە 964 دراوە، دوو هەفتەی تر شاندێکی بانکی نێودەوڵەتی سەردانی کوردستان دەکەن بۆ هەمان مەبەست.

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێم بە 964ـی راگەیاند: دوای شەش مانگی تر شاندێکی ئۆکرانی دێنە کوردستان و دەستبە بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسانی هەرێم دەکەن.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 500 پلە باڵا لە بەرپرسیارێتیدان و زیاتر لە 1500 کەسیش بە پلەی باڵا خانەنشین کراون.

“ئەگەر ئەو فۆڕمە بکرێتە ئەلیکترۆنی چیتر ئەوە نامێنێت بۆ ئەوەی بزانی کەسێک چی هەیە پێنج مانگ چاوەڕێ بکەین و نووسراو بۆ هەموو پارێزگاکان بکەین”، ئەحمەد ئەنوەر وای وت.