هاتوچۆی چەمچەماڵ:
ئەوانەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەیان لافاو بردوویەتی با بچنە پۆلیسی ونبووەکان
964+
ژێوار خدر
بەڕێوەبەری هاتوچۆی چەمچەماڵ رێنمایی دەداتە ئەو شۆفێرانەی بەهۆی لافاوەکەی ئەم دواییەوە، تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان زیانی بەرکەوتووە یان لێبووەتەوە، دەبێت رێکارەکانی “ونبوون” بگرنەبەر بۆ وەرگرتنەوەی تابلۆی نوێ.
عەمید عومەر عەلی، بەڕێوەبەری هاتوچۆی چەمچەماڵ لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی “ترافیک ئێف ئێم”ـی سلێمانی رایگەیاندووە، هەر ئۆتۆمبێلێکی تۆمارکراو ئەگەر بەهۆی لافاوەکەوە تابلۆکەی تێکچووبێت، مامەڵەی “ونبوون”ـی لەگەڵ دەکرێت.
روونیشیکردووەتەوە، شۆفێران دەتوانن لە رێگەی “بەشی پۆلیسی ونبووەکان”ـەوە داواکاری پێشکەش بکەن و رێکارەکان تەواو بکەن، تاوەکو دواتر تابلۆی نوێیان بۆ ببەسترێت.