"خۆمان گەڵای دارەکان کۆناکەینەوە"
هاوڵاتیان: باخی گشتی بێنازە… کاربەدەستان: خەڵک رەحم بە باخەکە ناکات
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
بەشێک لە هاوڵاتیان دەڵێن، باخی گشتی سلێمانی لەم وەرزە جوانەی پاییزدا بێناز کەوتووە، ناو چیمەنەکان زەرد بووە و پاکیش ناکرێتەوە، بەڕێوەبەری باخەکەش دەڵێت، خۆیان گەلاکان کۆناکەنەوە، چونکە پاییز بە گەڵاڕێزانەوە جوانە.
دالیا عەلی بەڕێوەبەری باخی گشتی سلێمانی بە 964ـی وت، “کرێکارەکانمان هەموو رۆژێک ناو باخەکە پاک دەکەنەوە، بەڵام خەڵک خۆی رەحم بە باخەکە ناکات و دوای خۆیان پاشماوە و زبڵەکانیان کۆ ناکەنەوە”.
“دوو ساڵە قەرارمان داوە کە گەڵا وەریوەکان هەڵنەگرینەوە، چونکە پاییز بەم گەڵایانەوە جوانە و خەڵکیش رەسمیان لەگەڵ دەگرێت”، دالیا عەلی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، چیمەنی هەمیشە سەوز ئەرکی زۆرە و ئاوی زۆری دەوێت، بۆیە لە توانایاندا نییە ئەو جۆرە چیمەنە لەناو باخی گشتیدا بچێنن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری