دیمەنی هۆڵێکی نەخۆشخانەی فێرکاریبەشی منداڵانی شەهید د.خالید کە کۆمەڵێک منداڵ چارەسەر وەردەگرن وێنە: تەندروستی کۆیە
شەوی رابردوو لە کۆیە 20 منداڵ خەوێنراون
پەتای وەرزی منداڵانی خستووەتە نەخۆشخانەوە
964+
ژێوار خدر
پەتای وەرزی لە ناو منداڵانی چەند شارێکی کوردستان بڵاوبووەتەوە و منداڵانی کۆیە و رانیە بەدەست پەتاکەوە دەناڵێنن و بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەکان دەمێننەوە و تەنیا شەوی رابردوو لە کۆیە 20 منداڵ بەهۆی پەتاکەوە لە نەخۆشخانە خەوێنراون.
بـەڕێوەبەرایەتی گـشتی تەندروستی کـۆیـە لە پۆستێکدا لە فەیسبوک رایگەیاندووە و دەڵێت، شەوی رابردوو لە بەشی منداڵانی نەخۆشخانەی فێرکاری شەهید د.خالید بەهۆی پەتای وەرزیەوە 20 منداڵ داخیل کراون.
دکتۆر مەسعود تەها، پسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان لە نەخۆشخانەی شەهید د. خالیدی کۆیە بە 964ـی وت، رێژەی توشبوونی منداڵان بە پەتاکە لە شەوی رابردووەوە زیادی کردووە، هەرچەندە بەشێکیان تەندروستیان باشتر بووە و بەڕێکراونەتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام ئەمڕۆش چەند منداڵێکی کە بەهەمان هۆکاری پەتاکە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە و خەوێنراون.
وتیشی، نیشانەکانی پەتاکە لە حاڵەتی ئاساییدا دەکرێ تەنیا کۆکە و هەڵامەت بێ، بەڵام لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت و هەندێک منداڵ توشی کۆکەی توند و هەناسەتەنگی و ئەگەر پەتاکەش بەقورسی بگرێت دەگاتە حاڵەتی سکچوون و رشانەوە و منداڵەکە پێویستی بە چارەسەر زیاتر دەبێت.
باسی لەوەشکرد، هەموو ساڵێک ئەم پەتایە لە وەرزی پاییزدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام رێژەی توشبوونی منداڵان ئەمساڵ زۆر بەرزترە لە شاری کۆیە بەراورد بە ساڵانی رابردوو.
ئاماژەی بەوەشدا، سەرەتا پەتاکە لە خوارووی عێراقەوە سەریهەڵداوە و دواتر گوازراوەتەوە بۆ گەرمیان و چەمچەماڵ و دواتریش بۆ سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و کۆیە.