ناوچەی گەشتیاری سەرچنار لە سلێمانی - وێنە: 964
ئەی گەشتیاری زستانە؟
گەشتوگوزاری هەرێم: رۆژی دەنگدان دەرگای سەیرانگەکان کراوەن
964+
دەشتی عارف
رۆژی 11.11.2025، کە هاوتایە لەگەڵ رۆژی سێشەممە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوەدەچێ و لە هەندێک ناوەند پشووە، بەڵام سەیرانگاکانی کوردستان دەرگاکانیان کراوە دەبێت.
هەر گەشتیارێک بێتە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەبێ کێشە سەیرانی خۆی بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 4.11.2025، ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی گەشتوگوزاری هەرێمی کورستان بۆ 964 قسەی کرد و وتی، تاوەکو ئەم خولەکە هیچ بڕیارێک نەهاتووە سەبارەت بە داخستنی سەیرانگاکان، بەڵام نازانرێت ئایە لەو رۆژەدا گەشتیار دێت یاخود نا، بەتایبەت لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
چونکە، لە چەند هەڵبژاردنێکی رابردوو هاتوچۆی نێوان شارەکان وەستابوون، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ هیچ بڕیارێک نییه لەو بارەیەوە.
سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ گەشتیاران لە وەرزی زستانیش وتی، لە هەر چوار پارێزگا و هەر چوار ئیدارە سەربەخۆکە، تەواوی ئامادەکارییەکان کراون بۆ گەشتیاران لە وەرزەکە، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان چونکە بەهۆی بەفرەوە گەشتیارێکی زۆر روو لە ناوچانە دەکەن و چەند چالاکییەکی تایبەتیش بە خلیسکانی سەربەفر ئامادەکراوە بۆ گەشتیاران.
بەپێی قسەکانی وتەبێژی گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵ لەدوایی ساڵ رێژەی گەشتیار و سەردانی کاران بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت و کاری زیاتریش دەکرێت بۆ راکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچەکە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا