لە قەزای بێجی
بە رووداوی هاتوچۆ کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکیش بریندارە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 5.9.2025 لەنزیک ناحیەی حەجاج لە سنووری قەزای بێجی سەر بەپارێزگای سەڵاحەدین رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەنێوان بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێک روویدا بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بەسەختی برینداربووە.
موئەیەد عەباس بەڕێوەبەری هاتوچۆ دەرەکیەکانی سەڵاحەدین بە 964ـی وت، جۆری رووداوەکە پێکدادان بووە لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا، کاتێک ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە ویستویەتی لەشەقامە سەرەکیەکە بپەڕێتەوە، لەوکاتەدا بارهەڵگرێک بەتیژڕەویەوە هاتووە و نەیتوانیوە ستۆب بگرێت و بەهۆیەوە پێکدادانەکە لە نێوانیان روویداوە.
وتیشی، بەهۆی سەختی رووداوەکەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە کە بەتەنیا بووە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و شۆفێری بارهەڵگرەکەش بەسەختی برینداربووە و رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی قەزای بێجی کراوە.
ئەوەی گیانی لەدەستداوە گەنجێکی دانیشتووی قەزای بێجیە و ناوی “موسەنا هارون”ە و تەمەنی 20 ساڵە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی