"بە فیشەك لە دوورەوە كوژراوە"

964 زانیاری نوێ لەسەر ورچە کوژراوەکەی باڵەکایەتی ئاشكرا دەكات

+964

ئاکام غەفور-سۆران

ورچەکەی باڵەکایەتی بە یەک فیشەک کوژراوە، لاشەکەشی هەر گەرم بووە، پێناچێت  دوو رۆژ زیاتر بەسەر مرداربوونەوەی تێپەڕیبێت.

هەرچەندە هێنانەوەی لاشەی ورچەکە کارێکی قورسە بەڵام فەرمانگەی ژینگە دەڵێت، دەمانەوێت هەرچۆنێک بێت لاشەکەی بێنینەوە، لە 964 زانیاری نوێ لەسەر بابەتەکە باس دەکات.

هەژار ماهیر، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران، بە 964ـی وت، “بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە هەر دوو رۆژ بەسەر کوشتنی ورچەکە تێپەڕیوە، لاشەی ورچەکە هەر گەرم بووە، لە خوێنەکەشی دیارە کە برینەکەی نوێیە”.

وەک باسی دەکات، شوێنەواری فیشەکێک لەسەر جەستەی ورچەکە هەیە، گولـلە لە رانی دراوە، ئەو چەکەی تەقی پێکراوە تاپڕ نییە، گومان ئەوەیە قەناس بێت.

بەپێی قسەی هەژار ماهیر، سروشتی ورچ وایە بریندار بێت و نەتوانێت بجوڵێ خۆی دەستی دەکاتەوە ناو دەمی تا دەخنکێت، دەشڵێت، هەرچەندە شوێنەکە ناوچەیەکی دوورەدەستە و سنووری پارتی کرێکارانە و هاوسنووری ئێرانیشە، بەڵام دەمانەوێت هەرچۆنێک بێت بە هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکان رێکەوتنێک بکەین و لاشەکەی بێنینەوە، گرنگە پارێزگاری لێ بکەین.

ورچەکە لە جۆری ورچی قاوەییە، لاشەکەی لە شاخەکانی سنووری گوندی زەنگەلینی باڵەکایەتی دۆزراوەتەوە.

ئەمە دووەم ورچە لە سنووری باڵەكایەتی لە ماوەی ساڵێكدا بكوژرێت و نۆ مانگ لەمەوبەر بە هەمان شێوە ورچێكی دەگمەن كوژرا، ئێستا مۆمیا كراوە و لە ناشناڵ پاركی هەڵگورد سەگران پارێزراوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

964 به‌دواداچوونى بۆ كوشتنى ورچێكی دیكه‌ له‌ كوێستانه...

964 به‌دواداچوونى بۆ كوشتنى ورچێكی دیكه‌ له‌ كوێستانه‌كانى باڵه‌كایه‌تى ده‌كات