دابەشکردنی بەنزینی تاکسییەکان لە شارەکانی کوردستان جیاوازە

+964
هێرۆ مەولودی – هه‌ولێر
لە سەرەتای ئه‌م مانگه‌و شۆفیرانی تاکسی لە سنووری هەولێر، بە شێوەی تاک و جووت بەنزین وەردەگرن، به‌ڵام له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م شێوازه‌ نایه‌ته‌ په‌یڕه‌وكردن.
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەندی قەزای هەولێر دەربارەی ئەم جۆرە دابەشکردنەی بەنزین، بە تۆڕی 964 ی راگەیاند “ئەم بڕیارە لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دراوە، بۆ ئەوەی سەرجەم شۆفێرانی تەکسی له‌ به‌نزینه‌كه‌ سوودمەند بن، كه‌ نرخی هه‌ر لیترێك 690 دینارە.
قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەم جۆرە دابەشکردنە لە هەولێرە و لە سەرەتای شوباتەوە دەستی پێکردووە، تا کێشەی بەنزینیش چارەسەر نەبێت، بەردەوام دەبن.
تۆڕی 964 ده‌زانێت، پێچەوانەی هەولێر، لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئەم شێوازه‌ نایه‌ته‌ په‌یڕه‌وكردن و شۆفیران تاکسی لە هەر بەنزینخانەیەک و له‌ هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت، دەتوانن بەنزین وەربگرن.
سدیق محەمەد بەڕێوه‌بەری گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی، تایبەت بە تۆڕی 964 وتی ” شه‌ش وێستگەی بەنزینی حکومی لە سلێمانی هەن، له‌وێدا سەرجەم تاكسییه‌كان بە شێوەی ئاسایی بەنزین وەردەگرن”.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 25 هەزار 500 تاکسی هەیە و هیچ گرفتێکیان له‌ دابینکردنی بەنزین لە بەنزینخانەکاندا نییە.