وێنەکە هەورامانی تەخت نیشان دەدات _ وێنە: 964
مێژووی دەگات بە 910 ساڵ
سبەینێ مەراسیمەکانی پیرشالیار دەستپێدەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
سبەی چوارشەممە 29.1.2025، لە هەورامان “دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان” خەڵکی هەر پێنج گوندەکە کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی مەراسیمی هەڵبژاردنی 910 ساڵەی پەڕلەمانی ناوچەکەیان دەستپێبکەن، کە بە پیرشالیار ناسراوە.
یەکەم رۆژی زەماوەندی پیرشالیار لە بەرەبەیاندا بە کڵاورۆشنە دەستپێدەکات و لەلایەن منداڵانەوە گوێزی باخی پیرشالیار بەسەر منداڵ و ماڵانی شارەدێیەکەدا بڵاودەکرێتەوە، دواتر بە ئەنجامدانی قوربانی و دەستدەکرێ بە دابەشکردنی گۆشتەکەیی و ئامادەکردنی خوان بۆ بەشداربووانی رێوڕەسمەکە.
ھەروەھا ژەنینی دەف و تەلیلەی دەروێشان و سرووتە ئاینییە عیرفانییەکان لەلایەن گەنجان و پیرانی ھەورامانەوە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت و تا رۆژی ھەینی بەردەوام دەبێت، پیر شالیار کەسایەتییەکی کۆنی ناوچەی ھەورامانی تەختە و مەزارەکەشی دەکەوێتە ھەمان ناوچەکەوە، خەڵکی ناوچەکە کۆکن، “پیرێکی ئاینداری خۆشەویست بووە”، بۆیە لە رۆژی هاوسەرگیرییەکەیدا یادی دەکەنەوە.
بڵند کەریم، بەشدار لە مەراسیمی پیرشالیار کە چووەتە ناوچەکە بە 964ی وت، “بەفرێکی زۆر لە دەروازەی هەورامان باریوە، هەر لە ئیستاوە بەشێک لە ماڵە کرێنشینەکانی هەورامان خەڵکی بۆ هاتووە، خەڵک ئامادەکاری دەکەن تا سبەینێ لە مەراسیمەکەدا بەشدارببن، دەیان میدیا و چالاکوان و گەشتیار لە رێگەن”.
هەورامان تەخت پێنج گوندن، (کەماڵا، رۆهەرێ، چەمەی وەیسیا، هەورامانی تەخت و سەرووپیر)، 910 ساڵە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە پیرشالیار یاد کراوەتەوە، ئەوان وەک دەرفەتێکی گرنگ دەبینن، بە تایبەت ئێوارەی کۆتایی مەراسیم، هەموو تایەفەکانی هەر پێنج گوندی هەورامان لە ماڵی پیر کۆدەبنەوە و دوای نانخواردن و زیکر، چارەسەر بۆ کێشەکان دەدۆزنەوە و بەرنامەی ساڵی ئاییندە دادەنێن.