لە باتیفا
خۆى بریندارە؛ گولـلە تۆپێک لە نزیکى ئۆتۆمبێلى پێشمەرگەیەک کەوتە خوارەوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە باتیفاى سنوورى زاخۆ گولـلە تۆپێک لە نزیکى ئۆتۆمبێلى پێشمەرگەیەک کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە پێشمەرگەکە، بریندار بوو.
رووداوەکە کاتژمێر 12:00ـى نیوەڕۆى ئەمڕۆ لە گوندى زرێزەى قەزاى باتیفا لە سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ، روویداوە.
لەسەر رووداوەکە فەرهاد مەحمود، قایمقامی قەزای باتیفا بۆ 964ـى وت،” ئێمەش تەنیا ئەوەندە ئاگادارین کە ئۆتۆمبێلى پێشمەرگەیەک بە گولـلە تۆپێک پێکراوە و بەهۆیەوە پێشمەرگەکە بریندار بووە، بەڵام نازانین لە کوێوە هاتووە”.
ئاشکراشى کرد، گولـلە تۆپەکە بەر ئۆتۆمبێلەکە نەکەوتووە، بەڵکو لە نزیکى کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆى پڕشک و ساچمەوە شۆفێرەکەى کە پێشمەرگەیە بریندار بووە و ئۆتۆمبێلەکەش زیانى پێگەیشتووە.
هەر لەسەر رووداوەکە، هاوڵاتییەکى گوندى دێمکا لە سنوورى باتیفا بە 964ـى وت، نەک هەر ئەو گولـلە تۆپەى گوندى زرێزە، بەڵکو گولـلە تۆپێکى دیکەش لە نزیک خانووى ماڵێکى گوندى دێمکا کەوتووەتە خوارەوە و گوێیان لە بۆردومانى دیکەش بووە.
ئەوەش لە کاتێکدا، بەهۆى گرژییەکانى نێوان گەریلاکانى پەکەکە و سوپاى تورکیا ماوەیەکى سنوورى باتیفا بە دۆخێکى ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت و لە چەند رۆژى رابردووش، دوو پاسەوانى سنوورى عێراق، بەهۆى هێرشێکەوە گیانیان لەدەستدا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح