کۆمەڵێک گەنج گروپێکییان دروستکردووە
لە رانیە هانی گەنجان دەدرێت بخوێننەوە
964+
ژێوار خدر
بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری رانیە، گروپێکییان لە کۆمەڵێک گەنج دروستکردووە و ناویان ناوە گرووپی رۆشنگەریی راپەڕین، لەپێناو هاندانی گەنجان بۆ ئەوەی روو لە خوێندنەوەی کتێب بکەن.
سۆما حاتەم، یەکێکە لە ئەندامانی گروپەکە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، پەیامی ئەم گروپەی ئێمە بریتییە لە خۆشەویستکردنی خوێندنەوە لەلای تاکی کورد، و کار لەسەر هاندانی گەنجان دەکەین بۆ .
وتیشی، کاروچالاکییەکانی گروپەکەمان تەنیا لە چوارچێوەی خوێندنەوەی کتێبدا نامێنێتەوە، بەڵکو لە هەموو سێکتەرەکانی رۆشنبیری و هونەریدا دەمانەوێ کاروچالاکی ئەنجام بدەین، بە نموونەش کارکردن لە لەبواری پاراستنی شوێنەواری مێژوویی، وە کار لە هەموو بوارە هونەری و ئەدەبییەکاندا دەکەین وەک گرنگیدان بە موزیک و لاوک و حەیران.
روونیشیکردەوە، بەشێک لە چالاکیەکانی گروپەکە، پێشکەشکردنی سیمینار دەبێت، لەبارەی گرنگی کتێب خوێندنەوە و پاراستنی ئەدەب و فۆلکلۆری نەتەوەکەمان و چالاکییەکانیش لە تەواو سنووری ئدارەی راپەڕین ئەنجام دەدەن.
ئاماژەی بەوەشدا، ئامانج لە دروستکردنی ئەم گروپە دروستکردنی پردی پەیوەندییە لەنێوان خوێنەران و هاندانی خەڵکی بۆ خوێندنەوە و گروپەکەش کراوەیە و هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت ببێت بە ئەندام، بانگهێشتی هەموو ئەو نووسەر و چالاکوانانە دەکەن کە دەیانەوێت چالاکی هۆشیاری ئەنجام بدەن ئەوان هاوکار و هەماهەنگییان دەبن لە ئەنجامدانیاندا.