سێ مانگ و 19 رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە
کرێکارانى باخچەکانى ئیدارەى راپەڕین کارکردنیان راگرت و گردبوونەوە
964+
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
لە کاتێکدا موچەى مانگێکیان تەنیا 300 هەزار دینارە، بەڵام سێ مانگ و 19 رۆژە کرێکارانى باخچەکانى ئیدارەى راپەڕین موچەیان پێنەدراوە، هەربۆیە ئەمڕۆ گردبوونەوە و کارکردنیشیان راگرتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 19.11.2024، کرێکارانی باخچەکانی کۆمپانیای هاڤەر لە بەردەم ئیدارەی راپەڕین گردبونەوە.
سەرهەد سەردار، کرێکارێکى کۆمپانیاى هاڤەر و بەشداربوویەکی گردبونەوەکە بە 964ـی وت،“ ئێمە 120 کرێکارین خزمەتی باخچەکانی ئیدارەی راپەڕین دەکەین، ئەو گردبوونەوەیەشمان بۆ ئەوەیە سێ مانگە و 19 رۆژە موچەمان وەرنەگرتووە و کۆمپانیا پێمان دەڵێت، پارەمان نییە بتان دەینێ”.
وەک باسى دەکات، موچەى مانگانەیان 300 هەزارە و داواکارن کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت.
هونەر خدر، لێپرسراوی باخچەکانی سنووری شارەوانی راپەڕین، بە 964ـی وت،” ئەمانە کرێکاری کۆمپانیایی هاڤەرن خزمەتی باخەکانی سنورەکە دەکەن، ئێمە سلفەی پارەمان پێداون، بەڵام لە بانک دەڵێن پارەنادرێتە کۆمپانیایەکە، کرێکارەکانیش دەڵێن ئێمە سێ مانگ و 19 رۆژە موچەمان وەرنەگرتووە تاموچەکانمان پێنەدەن کارناکەین”.
“بەڵێن دراوە گرفتەکەیان چارەسەر بکرێت، بەڵام دیار نییە کەى”، هونەر خدر واى وت.
پێداچوونەوە – ژوولی عەدنان