دەیانویست لە فێستیڤاڵى هەنار ساغى بکەنەوە

بڕێکى زۆرى خۆراکى بەسەرچوو دەستى بەسەرداگیرا

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ دەیەمین فێستیڤاڵى هەنارى هەڵەبجە دەستپێدەکات، شەوى رابردوش بڕێکى زۆرى خۆراکى بەسەرچوو دەستى بەسەرداگیرا کە دەویسترا ئەم دوسێ رۆژە بیکەنە فرسەت و لە فێستیڤاڵەکەدا ساغى بکەنەوە.

لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامییەتى هەڵەبجە، درەنگانێکى شەوى رابردوو لە بازگەى زەمەقییەوە توانیان دەستبگرن بەسەر بڕێکى زۆرى خۆراک کە لە نێو سێ بارهەڵگردا دانرابوو.

بەپێى راگەیەنراوى لیژنەکە بێت، دواى ئاگادارکردنەوەیان گەیشتوونەتە بازگەکە و پشکنینى فیزیاییان بۆ خۆراکان کردووە و دەرکەوتووە بڕێکیان بەسەرچوون و بڕێکى دیگەشیان بێ سەرچاوەبوون و شیاوى خواردن نەبوون.

جەختیش لەوە کراوەتەوە، دواى پشکنینەکان دەستگیراوە بەسەر هەرسێ بارهەڵگرەکەدا و رووبەڕووى رێکارى یاسایى کراونەتەوە، چونکە دەیانویست لە فێستیڤاڵى هەناردا ساغى بکەنەوە.

ئەمڕۆ، دەیەمین فێستیڤاڵى هەنارى هەڵەبجە دەستپێدەکات و بەقسەى سەرپەرشتیارانى فێشتیڤاڵەکەش کە بۆ 964 قسەیان کردووە، لەو سێ رۆژەدا چاوەڕێى هاتنى سەروو 300 هەزار میوان دەکەن.

.

"پێویستە هەرسێ رۆژەکەى فێستیڤاڵى هەنار دەرگاى خواردنگەکانتان کراوەبن"