فرۆشیارێک: کڕینی بووە بەنیوە
لە شارەزوور چوار یان پێنج هێلکە بە هەزار دینارە
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
دوو رۆژە نرخی هێلکە لە بازاڕە ناوچەییەکانی شارەزوور زیادی کردووە، بە جۆرێک بۆ هەر کارتۆنێک هێلکە حەوت هەزار و لەتەبەقێکدا 500 دینار زیادە چووەتە سەر نرخەکەی.
هەر ئەوەندەش نا، نرخی هێلکەی کوردی لە کێڵگەکان پێشتر کارتۆنی بە 67 هەزار دیناربوو، ئێستا بووە بە 77 هەزار دینار.
تەحسین سەعید، خاوەن بەڕادی دابەشکردنی هێلکە بۆ 964 وتی، “چەند رۆژێکە نرخی هێلکە لە بەرزبونەوەدایە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنی کێڵگەکان و چاودێریش نییە بەسەریانەوە و خۆیان نرخ زیاد دەکەن، پێشتر سێ کێڵگەی بەرهەمهێنانی هێلکە لە سلێمانی هەبوون، ئێستا 11 کێڵگە هەیە و لە 10 هەزار مریشکدا رۆژانە 250 کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنن”.
بەو پێیە بێت، هەرکارتۆنێک 12 تەبەقە و 360 هێلکەی تێدایە، تەحسین سەعید دەڵێت، “بەپێی قەبارەی نرخەکەی دەگۆڕێت، هێلکەی بچوک پێشتر بۆ هەرکارتۆنێک 54 هەزاربوو، ئێستا بووە بە 61 هەزار دینار، جۆری مامناوەند 56 هەزار بووە، ئێستا بووە بە 63 هەزار دینار، وە قەبارەی گەورە لە 59 هەزارەوە بووە بە 66 هەزار دینار”.
کاریگەری و لێ کەوتەی گرانبوونی نرخی هێلکەمان لە کامەران ئەحمەدی فرۆشیار پرسی کە 25 ساڵە ئەو کارە دەکات ئەو بە 964ی وت، “گرانی هێلکە کاریگەری لەسەر بازاڕمان کردووە، پێشتر هەشت کارتۆنم دادەگرت، ئێستا کردوومە بە چوار، چونکە تا نرخی بەرزبێ خەڵک توانای کڕینی کەمترە”.
“کڕیار هەیە، پێشتر تەبەقێکی کڕیبێ ئێستا نیوە ئەکڕێ” ئەوە قسەی کامەران ئەحمەدە، پێشتر 6 هێلکە بە هەزار دینار بوو ئێستە، ئەوان کردوویانە بە چوار و پێنج هێلکە بە هەزار دینار، لەبارەی هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە 964 پەیوەندی کرد، بە بەشی دابەشکردنی خۆراک و ئابووری لیژنەکانی قایمقامیەتی شارەزوور، بەهۆکاری نەبوونی زانیاری لەسەر گرانبوونەکە هیچ لێدوانێکیان نەدا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا