دەستگیر کرا

دزێک لە ماوەی سێ کاتژمێردا 21 ماڵی کۆڵانێکی کەرکوکی بڕیوە

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

ئەو دزەی دوو رۆژ بەر لە ئێستا دزی لە 21 ماڵ کرد لە گەڕەکێکی شاری کەرکوک دوای 24 کاتژمێر  دەستگیرکرا.

کابرای دز بەجارێک لە کۆڵانێکدا فرسەتی لە 21 ماڵ هێناوە و یەک لەدوای یەک و لە ماوەی سێ کاتژمێردا سەری کردووە بە هەموو ئەو ماڵانەدا و دزی خۆی کردووە.

شەوی سێ شەممە 8.10.2024 دزێک لەگەڕەکی بارودخانەی شاری کەرکوک لەماوەی سێ کاتژمێردا دزی لە 21 ماڵ کردووە و تەنها زێر و پارەی ومۆبایلی دزیوە، درنگانێکی شەوی رابردوو لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سەر بە بنکەی پۆلیسی ئازادیەوە دەستگیرکرا.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ئازادی بە 964ـی وت، لەماوەی سێ کاتژمێردا و بەدیاری کراوی لە کاتژمێر یەکی شەوەوە تا پێنجی بەرەبەیان دزێک چووەتە سەر 21 ماڵ لە کۆڵانێکی ئەو گەڕەکە و مۆبایل و زێرو پارەیەکی زۆری دزیوە.

سەرچاوەکە وتیشی، تیمێکی لە نەهێشتنی تاوانی بنکەی پۆلیسی ئازادی بە سەرپەرشتی موقەدەم سامان رەمەزان بەڕێوەبەری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئازادی پێکهێنرا لەرێگەی کۆکردنەوەی زانیاری و  پێداچونەوە بە کامێراکانی چاودێری لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر دزەکە دەستگیرکراوە.

سەرچاوەکەی 964 ئەوەشی وت، ئەو دزە لە قەرەجەکانە دوای دەستگیرکردنی دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و دانیشتوی شارێکی دیکەیە گوایە بۆ کارکردن روی کردووەتە شاری کەرکوک و لەیەکەم رۆژی هاتنی بۆ کەرکوک ئەو دزیەی ئەنجام داوە لەژێر کاریگەری ماددەی هۆشبەردا بووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

"دزێک" لە سلێمانی دەستگیر کرا