خێرخوازێک دروستیدەکات

قوتابخانەیەکی 12 پۆلی لە پێنجوێن دروستدەکرێت

+964

کامیار کەمال- پێنجوین

لەلایەن خێرخوازانەوە قوتابخانەیەکی 12 پۆلی لە پێنجوێن دروستدەکرێت و بڕیار وایە ساڵی داهاتوو بخرێتە خزمەت قوتابیانەوە.

ئەسعەد جافر بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، قوتابخانەکە لەلایەن خێرخوازێکەوە دروستدەکریت و پێشتریش قوتابخانەیەکی دیکەیان دروستکردووە لە پێنجوێن.

وتیشی، قوتابخانەکە 12 پۆلییە و تایبەت دەبێت بە کچان و بۆ ئامادەییە و لە پاڵیدا قوتابخانەیەکی دیکە هەیە.

لە ئێستادا قوتابخانەکە سەقفی یەکەمی تێکراوە و بەردەوام کاری تێدا دەکرێت و بڕیار وایە ساڵی داهاتووش بکرێتەوە بەڕووی قوتابیانی قەزاکەدا.

هاوکات بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن باسی لەوەشکرد، لەمساڵدا 20 قوتابخانەیان لە سنوری قەزای پێنجوێندا نۆژەنکردوەتەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن.

نۆژەنکردنەوەکە لە فراوانکردنی قوتابخانەکان و بۆیاخ و دابینیکردنی پێدوایستییەکان و کۆنکرێتکردنەوەی زەوی و چاککردنەوەی یاریگای قوتابخانەکان بووە.

لە سەنتەری قەزای پێنجوێندا 12 قوتابخانە هەیە و ساڵی رابردوو ئەسعەد جافر بە 964ی راگەیاند، بۆ ئەوەی کێشەی بینای قوتابخانە ببێتە سفر پێویستان بە سێ بینای قوتابخانەی دیکە هەیە.

پێداچوونەوە: هاوبەش