"هه‌موویان منداڵن"

له‌ سنوورى شنگال گۆڕێكی دیكه‌ى به‌ كۆمه‌ڵ دۆزرایه‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

رێكخراوى به‌تریكۆر بۆ مافه‌كانى مرۆڤ ده‌ڵێت، گۆڕێكی دیكه‌ى به‌ كۆمه‌ڵ دۆزراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وان سه‌ردانیان كردووه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌مووى منداڵن.

گۆڕه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى جه‌زیره‌ (سیبا شێخدر) دۆزراوه‌ته‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ سنوورى ناحیه‌ى ته‌لعوزێر له‌ قه‌زاى شنگال.

ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵەكه‌ هه‌مووى منداڵن به‌ڵام ژماره‌ى رووفاته‌كان ئاشكرا نه‌كراوه‌، رێكخراوه‌كه‌ش ده‌ڵێت، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی رێكار بگرنه‌به‌ر.

پێشتر، خه‌یری عه‌لی ئیبراهیم، به‌ڕێوه‌به‌رى رێكخراوى به‌تریكۆر بۆ مافه‌كانى مرۆڤ كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادارى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانن له‌سنوورى شنگال به‌ 964ـى وتبوو، له‌ رابردوودا چه‌ند گۆڕێكى به‌ كۆمه‌ڵ له‌ سنوورى ناحیه‌ى عه‌دنانیه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن گۆڕى زیاتریش بدۆزرێنه‌وه‌، چونكه‌ ده‌ڵێت “هێشتا نزیكه‌ى دوو هه‌زار 600 هاوڵاتى ئێزدی بێسه‌روشوێن ماون چاره‌نووسیان بزاندرێت”.

هه‌موو ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ى له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌دۆزرێنه‌وه‌ هی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ى ساڵى 2014ـه‌ن،‌ كاتێك چه‌كدارانى داعش گه‌یشتنه‌ سنووره‌كانى شنگال و ته‌له‌عفه‌ر به‌ هه‌زاران هاوڵاتیان بێسه‌روشوێن كرد.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى كه‌ رێكخراوى به‌تریكۆر به‌ 964ـى داوه‌، له‌ سنوورى قه‌زاكانى شنگال و ته‌له‌عفه‌ر تاوه‌كو ئێستا 92 گۆڕى به‌كۆمه‌ڵ هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌ و 700 رووفاتیش ره‌وانه‌ى پزیشكى دادى به‌غدا كراون بۆ ناسینه‌وه‌یان، به‌ڵام ته‌نیا 342 رووفات له‌رێگه‌ى پشكنینى DNA ناسراونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ى دیكه‌ش كارى پشكنینان به‌رده‌وامه‌.

روفاتى له‌بیركراو له‌ناو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ى عه...

روفاتى له‌بیركراو له‌ناو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ى عه‌لۆ عه‌نته‌ر ده‌دۆزرێته‌وه‌