لە دەربەندیخان

پەرى دەریا، فولکەى روحکێشانى بارهەڵگرەکانە

964+

وریا فەتاح

هەر لەگەڵ ئەوەى تونێلەکە تێدەپەڕێنى، فولکەى پەرى دەریا لە دەروازەى دەربەندیخان و لە لێژاییەکەى تونێلەکە بەرەو ناوشار دێتە بەردەممان، ئەو فولکەیەى ناوە ناوە دەبێتە ناونیشانى وەرگەڕانى تەنکەرێک یان بارهەڵگرێک.

بەپێى بەدواداچوونێکى 964 لە ماوەى دوو مانگ و نیوى رابردوودا، سێ تەنکەر و بارهەڵگر لە بەردەم فولکەى پەرى دەریا وەرگەڕاون و کارەساتیان لێ کەوتووەتەوە.

رۆژى 7.6.2024، تەنکەرێکى گواستنەوەى سووتەمەنى لە سەرووى فولکەى پەرى دەریا وەرگەڕا و ئاگرێکى گەوەى لێکەوتەوە و دواى چەند رۆژێک لە تێپەڕینى رووداوەکە، شۆفێرەکەى بەهۆى زۆرى رێژەى سووتانەوە گیانى لەدەست دا و کەسێکى دیکە لە رووداوەکەدا بریندار بوو.

رۆژى 27.8.2024، بارهەڵگرێک کە تەماتەى هەڵگرتبوو لە بەردەم فولکەى پەرى دەریا وەرگەڕا و بەهۆیەوە شۆفێرەکەى بە سەختى بریندار بوو.

شەوى 23.9.2024، تەنکەرێکى سوتەمەنى لە بەردەم فولکەى پەرى دەریا کۆنتڕۆڵى لەدەستدا و وەرگەڕا، بەهۆیەوە شۆفێرەکەى بریندار بوو و سوتەمەنى ناو تەنکەرەکەش رژا، هەرچەندە مەترسى ئاگرکەوتنەوە هەبوو، بەڵام تیمەکانى بەرگرى شارستانى و هاتوچۆ ریگریان کرد.

پرسیارى سەرەکى 964 ئەوەیە، شۆفێران پابەند نین یان فولکەکە لەڕووى ئەندازەییەوە هۆکارە بۆ دووبارەبوونەوەى ئەو رووداوانە؟.

لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا، سلێمان محه‌مه‌د، قایمقامى قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان به‌ 964ـى وت،”هۆکارى سەرەکى پابەند نەبوونى شۆفێران، پابەند نین بە رێنماییەکان و دۆخى رێگاکە، لە هەمان کاتدا پابەند نین بەو بڕەى بارە بۆیان دیاریکراوە کە هەڵیبگرن نە هیچ لێپێچینەوەو چاودێرییەکیش هەیە بۆ ئەو بارەى هەڵى دەگرن”.

وتیشى،”هۆکارێکى دیکە ئەوەیە کە فولکەکە لە رووى ئەندازەییەوە شیاو نییە بارهەڵگرەکان پێیدا بڕۆن، ناشکرێت ئەو پێچەى دروستکراوە لاببرێت و بارهەڵگرەکان سەنتەرى شار بگرنەوە، چونکە ئەوکات مەترسییەکە زیاتر دەبێت”.

باسى لەوەشکرد، چارەسەرى بنەڕەتى تەواوکردنى رێگاى ناوتاقە کە بارهەلگرەکان لەوێوە هاتوچۆ بکەن و لە سەنتەرى شار و شوێنە چڕەکانى دانیشتوان دووربکەونەوە”.

جارێکی ديکە تەنکەرێک لە دەربەندیخان وەرگەڕا

جارێکی ديکە تەنکەرێک لە دەربەندیخان وەرگەڕا

لە دەربەندیخان تانکەرێکی سووتەمەنی وەرگەڕا و تەقییەوە

لە دەربەندیخان تانکەرێکی سووتەمەنی وەرگەڕا و تەقییەوە

لە دەربەندیخان بارهەڵگرێک بە بارێک تەماتەوە وەرگەڕا

لە دەربەندیخان بارهەڵگرێک بە بارێک تەماتەوە وەرگەڕا