قوتابخانەکان بچن وەری بگرن
پەروەردەی شارەزوور: سبەی کۆدی زانکۆلاین ئامادە دەبێ
964+
ئەحمەد مستەفا
لەگەڵ کارابوونی پڕۆسەی وەرگرتنی خوێندکاران و لینکی زانکۆلاین، پەروەردەی شارەزوور داوا لە سەرجەم قوتابخانەکان دەکات سبەی یەکشەممە بچن کۆدی خوێندکارەکانیان وەربگرن.
ئەمڕۆ شەممە 21.9.2024، بۆ ماوەی 10 رۆژی لینکی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی ئامادەیی و پیشەییەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکان کارا کرا.
پەروەردەی شارەزوور لە بڵاوکراوەیەکدا کە 964 بینیوویەتی دەڵێت، “ئاگاداری سەرجەم خوێندنگا ئامادەییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان دەکەین، رۆژی یەکشەمە 22.9.2024، کاتژمێر 10:00 سەردانی هۆبەی ئەزموونەکان بکەن”.
ئامانجی سەردانی قوتابخانەکان، بۆ وەرگرتنی بۆردی کۆتای خولی یەکەم و دووەمی پۆلی 12 ئامادەیی و کۆدی زانکۆلاینە، تا لە رێگەیەوە خوێندکارانی دەرچوو، خواستی خۆیان لەگەڵ بەشی گونجاو بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوە.
دەرچووان دەشتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى راوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى روونكردنهوهی پێویست لهسهر چۆنیهتیی پڕكردنهوهی فۆرمی وهرگرتن به سیستمه جیاوازهكان.
وەزارەتى خوێندنى باڵا داوا لە دەرچووان دەکات، “بهر لهوهی فۆرمی وهرگرتن پێشكهش بكهن، ئاگاداری وردهكارییهكانی سیستمهكه بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و روو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنیا بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لە هەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان”.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی خوێندنی باڵا، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ریزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت، کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە رەچاوکردنی کۆنمرەی دەرچوو.
“سەرجەم ئەو دەرچووانەى لە خوار ساڵى 2000 و دەرچوون و هەروەها دەرچووانی پێنج ساڵی رابردووی پیشەییەکان کە نیازی فۆرم پێشکەش کردنیان هەیە بۆ خوێندنی پارالێڵ و ئێواران، بەهۆی نەبوونی ناو و زانیارییان لە ناو سیستمى زانکۆلاین، پێویستە سەردانی وەزارەتی پەروەردە بکەن بۆ وەرگرتنى یوزەرنەیم و پاسۆرد و داخڵکردنی زانیارییەکانیان، بەپێچەوانەوە ناتوانن داواکاری وەرگرتن پێشکەش بکەن”، وەزارەتەکە وا دەڵێت.