13 داواکاری هەیە

دەستەی ژینگە بۆ کۆمیسیۆن: بەربژێرەکان پابەند بکەن بە پاراستنی ژینگە

964+

ژووری هەواڵ

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی ئاڕاستەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووە و داوای لێدەکات کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەربژێرەکان پابەند بکات بە پاراستنی ژینگە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11.9.2024، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ نوسراوێکی ئاڕاستەی کۆمیسیۆن کردووە کە 13 خاڵ لەخۆدەگرێت و تێیدا هاتووە، پێویستە تاد و لایەن و قەوارە سیاسییەکان لەکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا پابەندی رێنماییەکانی ژینگە بن، “چونکە مافی هەموو کەسێکە بۆ ژیان لەژینگەیەکی سەلامەتدا”.

داواکارییەکانی دەستەکە بۆ کۆمیسیۆن ئەمانەن:

1 – لافیتەو نووسینەکانیان لەسەر قوماش و کاغەز بن، نەک لەسەر فلێکس و نایلۆن، کە دواجار بەئاسانی (شی) نابنەوەو زیان بەزۆرێک لە گیانەوەران و رووەک و خاکمان دەگەیەنن.

2 – پۆستەرەکان بە تێپ جێگیر ‏بکرێن نەک بەسیکۆتین، هەروەها بزمار بەکارنەهێنن بۆ جێگیرکردنی لافیتە لەسەر درەختەکان و هەروەها بەلافیتەش درەختەکان دانەپۆشرێن، چونکە بەم کارە زیان بە درەختەکان دەگات و کرداری رۆشنەپێکهاتنیش کێشەی بۆ دروست دەبێت.

‎3 – ‏ جوانبینی و پاراستنی هەستی بینین رەچاو بکەن لە هەڵبژاردنی شوێنی هەڵواسینی لافیتەکانیان، چونکە بە هەڕەمەکی هەڵواسین دەبێتە هۆی شێواندنی هەستی بینین.

‎4 – زیادەڕەویی نەکەن لە بەهەدەردانی کاغەز وکارتۆن، چونکە بەشێوەی سەرەکیی کاغەز و کارتۆن بەرهەمیی بڕینەوەی درەختەکانن.

‎5 -‏ مادەی پلاستیکیی و نایلۆنی نەدرێتە دەنگدەر وەک بانگەشە، لە حاڵەتی گردبوونەوەی جەماوەرییشدا پێویستە هەڵسوڕاوانی هەمان لیست دەبەی ئاوو پاشماوەی شتەکان کۆبکەنەوە، چونکە خاشاک زیان بەژینگەو مرۆڤ دەگەیەنێت.

6 – بەکارنەهێنانی پارکە گشتییەکان و باخچەی نێو گەڕەکەکان بۆ بانگەشە.

7 – سوود وەرگرتن لە بەکارهێنانی شاشەی گەورەی ئەلکترۆنیی و تەلەفزیۆنی لە شوێنە گونجاوەکاندا.

‎8 – بەردەوام کۆمیسیۆن حزبە سیاسییەکان ئاگادار بکاتەوە لەو سزا داراییانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە، لەحاڵەتی سەرپێچیکردنی یاساکانی ژینگەو شارەوانیی.

‎9 -‏ هاندانی لیستەکان بۆ زیاتر بەکارهێنانی سایتە ئەلکتڕۆنیی و پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا.

10 -‏ کۆمیسیۆن ناوی ئەو لایەن و قەوارە سیاسییانە ئاشکرا بکات کە پابەندی یاساو رێنماییە ژینگەییەکان نابن.

‎11 – بەکارنەهێنانی بڵندگۆ لەکاتی کۆبوونەوەی جەماوەریی و خۆ دوورگرتن لەبەکارهێنانی قافڵەی ئۆتۆمۆبێل وەک شێوازێکی بانگەشە چونکە بەکارهێنانی بڵندگۆ و هۆڕن زیان بەهەستی بیستن و باری دەروونی هاوڵاتیان دەگەیەنێت و، دوکەڵی ئەگزۆزیش زیان بە کۆئەندامی هەناسەی مرۆڤەکان دەگەیەنێت.

‎12 – کۆمیسیۆن هەماهەنگ و هاوکار بێت لەگەڵ رێکخراوە ژینگەییەکاندا بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکان بکەن.

13 -کۆمیسیۆن و میدیاکان هەڵبدەن بۆ تێکە‏ڵکێشکردنی بابەتەکانی ژینگەپارێزیی لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردندا.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: 2.8 ملیۆن دەنگدەر بایۆمەتریان تەوا...

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: 2.8 ملیۆن دەنگدەر بایۆمەتریان تەواوبووە