بڕەکەی دەگاتە 20 ملیۆن دینار
هەفتەی داهاتوو دوکاندارانی بازاڕی قەیسەری هەولێر قەرەبوو وەردەگرن
964+
ژووری هەواڵ
هەفتەی داهاتوو دەستدەکرێت بە پێدانی هاوکاری بەو دوکاندارانەی بازاڕی قەیسەری هەولێر کە بەهۆی ئاگرکەتنەوە لە رابردوودا زیانیان بەرکەوتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5.9.2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ههفتهی داهاتوو بەگوێرەی قەبارەی زیانەکان هاوکاری دارایی بەسەر دوکاندارەکاندا دابەش دەکرێت و کەمترین بڕی هاوکاری دوو ملیۆن دینار دەبێت.
ژمارەی ئەو دوکانانەی کە سوتاون 247 دوکانن، بەگوێرەی جەردی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەشێک لە دوکانەکان 20 ملیۆن دینار زیانیان بەرکەوتووە و بە هەمان بڕە پارە قەرەبوو دەکرێنەوە.
“هاوکاریکردنەکە لە دوو ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات، رەنگە دوکان هەبێت ملیۆنێک دینار زیانی بەرکەوتبێت، بەڵام دوو ملیۆن دیناری پێدەدرێت، دوکانەکەشی بۆ نۆژەندەکرێتەوە”، پارێزگاری هەولێر وای وت.
بڕیاریشە بە گوژمەی پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار بازاڕی قەیسەری هەولێر نۆژەنبکرێتەوە و کارەکانی لەلایەن دوو کۆمپانیا دەستیپێکردووە، چاوەڕوانیشدەکرێت لە شەش مانگدا نۆژەنکردنەوەکە تەواوبێت.
جگە لەم کارانە، دوکاندارەکانی بازاڕی قەیسەری هەولێر، بۆ ساڵی 2023 بەڕێژەی 50٪ لە باج دەبەخشرێن، بۆ 2024ـیش بەڕێژەی 100٪.