پەرلەمانی عێراق پەشیمان بووەوە
لێبوردنی گشتی لە کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا هەڵگیرا
+964
ژووری هەواڵ
قەول بوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق قسە لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی بکات، بەڵام کەمێک پێش ئێستا کارنامەی دانیشتنەکە بڵاوکرایەوەو شتی وای تیا نەماوە.
یاسای لێبوردنی گشتی لە عێراقدا مقۆمقۆی زۆر لەسەرە سوننەکان داوای دەکەن و شیعەکان پێی رازی نین، هەرچەندە لە کارنامە بڵاوکراوەکەی دوێنێدا نوسرابوو کە ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی دەکرێت، بەڵام ئەمڕۆ کارنامەکە نوێکرایەوەو ئەو بڕگەیەی لێ هەڵگیراوە.
ئەم یاسایەی باسی دەکەن ژمارە (27)ی هەموارکراوی ساڵی (2016)یە، لەوەدا هەندێ تاوان ریزپەڕکراوەو لێبوردنی گشتی نایانگرێتەوە، وەکو ئەو تاوانانەی پەیوەستن بە مادەی چواری تیرۆرەوە، بەڵام دەمێ ساڵە سوننەکان لەسەر ئەوە ناڕازین و دەڵێن ئەو یاسایە سەری ئەوانی خواردووەو لێبوردنیش نایگرێتەوە، بۆیە دەبێ دەستکاری بکرێت.
نوسینگەی راگەیاندنی پەرلەمان کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بڵاوکردەوەتەوە، ئەمڕۆ پەرلەمان سێ ئیشی هەیە:
خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای تەحکیم، خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای بەدەستهێنانی زانیاری، خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی پێشوو، نوسراویشە دانیشتنەکە کاتژمێر یەک دەست پێدەکات.
سوننەکان لە لابردنی بڕگەی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی ناڕەحەت دەبن، چونکە مەرجی ئەوان بۆ بەشداریکردن لە حکومەتەکەی سودانی دەستکاریکردنی ئەو یاسایە بوو، ئەو کات شیعەکان پێی رازی بوون، بەڵام ئێستا دەڵێن ئەو پرۆژەیەی پێشکەشکراوە نوقسانی تێدایە و دەبێ بگۆڕدرێت ”رێگە خۆش دەکات ئەو کەسانەی دەستیان بە خوێنی خەڵک سوورە دەرباز ببن”.