مەفرەقی کەلەکچی
شوفێری بارهەڵگرێک گیانی لە دەست دا
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە بارهەڵگرێک لە نزیک مەفرەقی ناحیەی کەڵەکچی سەر بە قەزای شێخان کۆنترۆڵی لەدەست دا و کەوتە ناو زەوی چێندراو بە پەتاتە و دواتر راوەستا، دوای ئەوەی پۆلیس گەیشتوونە شوێنەکە، بینیویانە شۆفێرەکە گیانی لەدەستداوە، کە ئەگەری هەیە بە جەڵتە گیانی سپاردبێت.
بەپێی زانیاری 964 و ئەو بەدواداچوونەی کردوویەتی، شۆفێرەکە خەڵکی دیانایە و لە دهۆک گەڕاوەتەوە و تەمەنی 45 ساڵە
سەرچاوەیەکی تایبەت لە پۆلیسی شێخان بە 964ی وت، “بارهەڵگرەکە هیچ رووداوی هاتوچۆی دروست نەکردووە و زیانی بە هیچ ئۆتۆمبێلێک نەگەیاندووە، تەنیا ئەوەیە شۆفێرەکە کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەست دەرچووە و چووەتە نێو زەوی پەتاتە و دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە پۆلیس چووەتە سەر رووداوەکە دەبینن شۆفێر گیانی لەدەستداوە و هیچ نیشانەیەکی بەرکەوتن لەسەر جەستەی نەبینراوە، ئەمەش ئەگەری ئەوە دەردەخات بە جەڵتە گیانی لەدەستدابێت”.
وتیشی، پێشبینی دەکرێت پێش ئەوەی ئۆتۆمبیلەکەی بڕواتە ناو زەوییەکە و بوەستێت، شۆفێرەکە جەڵتە لێی دابێت، بۆیە بۆ پشتڕاستکردنەوە لە رووداوەکە و لێکۆڵینەوەی زیاتر رەوانەی پزیشکی داد کراوە لە پارێزگای دهۆک.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا