زیانی هەبوو؟

ئاوەڕۆی کەلار لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی ماسی دوورخرایەوە

+964
میلاد جەلال – گەرمیان

دوای چوار رۆژ کارکردن، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4.7.2024 کۆتایی بە کارەکانی دوورخستنەوەی ئاوەڕۆی کەلار لە پرۆژەی ئاودێریی شێخ لەنگەر هات، كە تێكەڵی پڕۆژەكە دەبوو.

زێراب و ئاوەڕۆی قەزای کەلار بەھۆی نزیکی لە پرۆژەی ئاوی گوندی شێخ لەنگەری ناحیەی کۆکس، تێکەڵ بە پرۆژەکە دەبوو، کە ژمارەیەکی زۆر کێڵگەی بەخێوکردنی ماسی و زەویی کشتوکاڵی لەسەر ئەو پرۆژەیە هەیە.

موئەیەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاودێریی گەرمیان بە 964ى وت، “لەسەر سکاڵای دانیشتووانی گوندی شێخ لەنگەر و خاوەن کێڵگەکانی ماسی، بڕیارمان دا رێڕەوی ئاوەڕۆی قەزای کەلار بگوازینەوە بۆ ناوەڕاستی سیروان و لە پرۆژەی ئاودێری گوندەکە دووریبخەینەوە”.

“زەوییە کشتوکاڵییەکان و کێڵگەکانی بەخێوکردنی ماسی سوودیان لە پرۆژەی ئاوی شێخ لەنگەر وەردەگرت، بەڵام بەھۆی تێکەڵبوونی لەگەڵ ئاوەڕۆی کەلار زیانی بەو کێڵگانە گەیاندبوو، تووشی نەخۆشی ببوون، لەشی ماسییەکان کرمی دروست دەکرد”، موئەیەد ئەحمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، “پێشتر ئاوەڕۆکە ھەر دەڕژایە رووباری سیروان، بەڵام بەھۆی نزیکی لەو پرۆژەی ئاودێرییە، گواستمانەوە بۆ ناوەڕاستی سیروان. تا ئیتر تێکەڵ بەو پرۆژەیە نەبێت، بە رێژەی 90%یش گرفتەکە چارەسەر کراوە.”

پرۆژەی ئاودێریی گوندی شێخ لەنگەر درێژییەکەی نزیکەی 27 کیلۆمەترە، لە شارۆچکەی گردەگۆزینەوە دەستپێدەکات لە ناحیەی کۆکس کۆتایی دێت، دانیشتووانی ئەو گوندانە بۆ کشتوکاڵ و کێڵگەی بەخێوکردنی ماسی و شۆردنی ئاژەڵ بەکاری دێنن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لە زاخۆ پیاوێک و لە کەلار منداڵێک خنکاون

لە زاخۆ پیاوێک و لە کەلار منداڵێک خنکاون