هاتووچۆ پەکى کەوت
شۆفێرانی بارهەڵگر لە شەقامی پشتێنەیى کەرکوک خێوەتیان هەڵدا
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
لە دژی دواکەوتنیان لە بازگەکان شۆفێرانی بارهەڵگر شەقامی پشتێنەی کەرکوکیان داخست و داوا دەکەن کێشەکەیان چارەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، رۆژى شۆفێرانى بارهەڵگر بوو، لە دواى داخستنى شاڕێى سلێمانى شۆفێرانى بارهەڵگرى کەرکوک، خێوەتیان هەڵدا و شەقامی پشتێنەی کەرکوک بۆ بەغدایان داخست، وەک خۆیان دەڵێن، بەردەوام دەبن تاکو کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت.
مەحمود بەیاتی نوێنەری شۆفێرانی بارهەڵگر بە 964ـى وت، ئەمڕۆ 15ـى ئایار گردبونەوەی شۆفێرانى سەرتاسەری بوو لە عێراق، چونکە لەبازگەکانى هەرێم سۆنار و پشکنین و قەپانیان داناوە و بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بڕی 20 هەزار دینارمان لێ وەردەگرن، لە بەرامبەر دا لە هەمو شارەکانی دیکە بڕی 5 هەزار دینار وەردەگیرێت.
بە وتەى نوێنەرەکەى شۆفێرانى بارهەڵگر، هیچ بازگەیەک حیساب بۆ ئەوەی بازگەکەى دیکە ناکات، بۆیە ئەمڕۆ خێوەتیان هەڵداوە تاکو کێشەکەیان یەک لای دەبێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ شۆفێرانى بارهەڵگر لە پردى تاسلوجە شا رێگەى سلێمانیان داخست.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح