"ئەوەی بەرامبەر جوتیاران دەکرێ ستەمە"

دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: با حکومەتی عێراق بێدەنگ نەبێت

964+

پێشەوا محەمەد

دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایگەیاند، تا ئێستا کێشەی دروێنەی جوتیارانی کورد لە چەند ناوچەیەک بەردەوامە و هەنگاوی جدی بۆ ئەو پرسە نەنراوە.

ئێستا کە وەرزی دروێنەی گەنمی جوتیارانە لە ناوچەی پەڵکانەی سەرگەڕان رێگری لە جوتیاران دەکرێت گەنمەکەیان بدورنەوە.

فەهمی بوورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، “ماوی دوو رۆژە عەرەبی هاوردە بە ناڕەواو دوور لە هەموو بنەمایەکی ئاشتیانە و پێکەوەژیان هاتوونەتە گوندی پەڵکانە و خێمەیان هەڵداوە، سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جوتیارانی کورد نادات بەری رەنج و ماندووبوونی شەش مانگی رابردوویان بچننەوە”.

وتیشی، “ئەو رەفتارانە لەکاتێکدایە لە پاییزی ساڵی رابردوودا لەسەر رەزامەندیی قیادەی عەمەلیاتی کەرکوک جوتیارانی کورد وەرزی دانەوێڵەیان دەستپێکرد”.

ساڵانە جوتیارانی ناوچە کێشەلەسەرەکان رووبەرووی ئەو کێشانە دەبنەوە و داوای چارەسەرکردنی دەکەن.

“بەداخەوە تا ئێستا گرفتەکان وەک پێویست چارەسەر نەکراون بۆیە داواکارین لە حکومەتی عێراقی دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جوتیاری کورد ئەکرێت بێدەنگ نەبێت و فراکسیۆنە کوردییەکانیش لەم بارەیەوە پێویستە هەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەنەوە”، ئەوەش قسەی فەهمی بوورهانە.

ناوبراو جێبەجێکردنی دەستوور و پابەندبوون بە بنەماکانی مادەی 140 بە زامنی چارەسەربوونی تەواوی کێشەکانی ئەو ناوچانەیە دەزانێت.

جوتیارانى سەرگەڕان و پەلکانە داواى بەهاناوەچوون دەکەن

جوتیارانى سەرگەڕان و پەلکانە داواى بەهاناوەچوون دەکەن