ئەلموتەنەبی هێشتا میوان و گه‌شتیاری هه‌یه‌

964+
ئەلنوعمانییە (واسیت)

خولیا و مەراقی زانینی شوێنی ناشتنی شاعیری گەورە ئەبوتەیب ئەلموتەنەبی، وای لە گەشتیارانی ناوچەکە کردووە بە گرنگییەوە سەردانی قەزای ئەلنوعمانییە بکەن لە رۆژئاوای شاری واست، لەوێ گەشتێک بە شوێنەوارەکانی ناوچەکە و باخی میوەکانیان دەکەن، کە دەڕوانێته‌ سەر رووباری دیجلە.

چالاکوان عیسام ئەلقورەیشی بە تۆڕی 964+ـی راگەیاند “ئەو پەرۆشییە زۆرەی خەڵك بۆ سەردانیکردنی شەقامی ئەلموتەنەبی لە بەغداد، پاڵی بە کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە ناوە گەشت رێکبخەن بۆ مەزارگەکەی لە نوعمانییە”.

وتیشی:”ئەو گەشتانە مامۆستایانی زانکۆ و خانەنشین و خێزانەکانیان دەگرێتەوە، ئێمە خۆبەخشانە هەستاوین بە پێشوازیکردن لە گەشتیارانی بەغدا و تەواوی شارەکانی دیكه‌، وەک رێبەری گەشتیاری بەبێ بەرامبەر لەگەڵیان دەگەڕێین و شوێنەوارەکانی شارەکەمانیان پێ ئاشنا دەکەین”.

ئەلقورەیشی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، لە رێگەی بانگهێشتکردنی دەزگه‌ حکومییەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە قەزاکەدا، هەوڵدەدەین ئەم جۆرەی گەشتوگوزار پەرە پێبدەین.

گەشتەکە لە سەردانی گۆڕی شاعیر ئەبوتەیب ئەلموتەنەبی، تەل ئەلنوعمان، کۆشکی ئەلنەجەمی و کۆشکی ئەبوعوزێم دەستپێدەکات، بە ژەمێکی نانی نیوەڕۆش کۆتایی دێت لەناو باخەکانی کەڕادەی ئەلنوعمانییە، کە بەسەر رووباری دیجلەدا دەڕوانێت.