هۆکار چییە؟
زۆرینەی مزگەوتەکانى پشدەر بێ مەلان
964+
محەمە عەلى – قەڵادزێ
لە کۆى 300 مزگەوتى سنورى قەزاى پشدەر، تەنیا 63 ئیمام و خەتیبى فەرمى هەیە و 237 مزگەوت بێ مەلایە یان ئیمامى خۆبەخش بەڕێوەى دەبات.
هیوا قادر، بەڕێوەبەری تێبینەرایەتی ئەوقافی قەڵادزێ بە964ـی وت،”لەسنوری پشدەر کێشەی میلاکاتمان هەیە، لە کۆى 285 مزگەوتى تۆمارکرا و هەندێ مزگەوتى لاوەکى کە بە هەموویانەوە 300 مزگەوتن، تەنیا 63 ئیمام و خەتیبى میلاک هەیە، ئەوانى دیکە کە 237 مزگەوتن بێ ئیمام و خەتیبن یان خۆبەخشان بەڕێوەى دەبەن”.
ئێستا لە ئەوقافى قەڵادزێ، 105 خۆبەخش بوونى هەیە کە زۆربەیان دەرچووى شەریعەن و بە خۆبەخش لە مزگەوتەکاندا کاردەکەن.
بە قسەى بەڕێوەبەرى تێبینەرایەتى ئەوقافى قەڵادزێ، ئەوە دۆخى ئەوقاف و مزگەوتەکانە کەچى لاى خەڵک وایە هەر مزگەوتە و چوار پێنج بندیوار و کار گوزای هەیە، بەڵام ئەوە تەنیا قسە و قسەڵۆکە.
داواش دەکات، ئەو خۆبەخشانەیان بۆ دابمەزرێنرێن بۆ ئەوەى مزگەوتەکان ئاوەدان بکرێنەوە، چونکە خۆبەخش هەیە 15 ساڵە بە خۆبەخشى کار دەکات.