تا بارەکانیان بەتاڵ نەکەن ناتوانن بگەڕێنەوە

بڕیارێک شۆفێرى تانکەرەکانى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ نیگەران دەکات

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

بەپێى بڕیارێکى بەڕێوەبەرایەتى گومرگى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ، لەمەودوا شۆفێرى تانکەرەکان ئەوانەى سوتەمەنى دەبەن بۆ ئێران، ناتوانن بگەڕێنەوە تا سوتەمەنەکانیان بەتاڵ نەکەن.

بابەتەکە بەم شێوەیەیە، ئەو شۆفێرى تانکەرانەى لە هەرێمى کوردستانەوە سوتەمەنى دەبەن بۆ ئێران لەوێ دەبێت ماوەیەکى زۆر چاوەڕێ بکەن تا سوتەمەنەکانیان بەتاڵ دەکرێت، بەشێوەیەک هەندێ جار زیاتر لە 10 رۆژیان پێدەچێت، بۆیە لەو ماوەیەدا شۆفێرەکان بەبێ ئۆتۆمبێلەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان و هەتا سوتەمەنییەکانیان بەتاڵ نەکرێت ناچنەوە ئێران.

بەپێى ئەو بڕیارە نوێیەى بەڕێوەبەرایەتى گومرگى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ، لەمەودوا شۆفێرەکان ناتوانن بگەڕێنەوە و دەبێت لەوێ چاوەڕێ بکەن تا سوتەمەنییەکانیان بەتاڵ دەکەن و ئینجا دەتوانن بە ئۆتۆمبێلەوە بگەڕێنەوە هەرێم.

964 لە رێگەى سەرچاوەکانییەوە لە دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ زانیویەتى، بڕیارەکە بە رێککەوتنى هەردوو دیوى ئێران و هەرێمى کوردستانى مەرزەکە دەرچووە، بەڵام شۆفێران نیگەرانن لە بڕیارەکە.

بەپێى نوسراوێکى بەڕێوەبەرى گومرگى باشماخ کە دەست 964 کەوتووە و ئاراستەى جێگرەکەیى و بەشەکانى گومرگەکەى کردووە تێیدا هاتووە،”ئەو شۆفێرانەى سوتەمەنى دەبەن بۆ ئێران، بەبیانووى زۆرمانەوەیان بۆ بەتاڵکردنى تانکەرەکانیان، داوا دەکەن بەبێ ئۆتۆمبێلەکانیان بگەڕێنەوە ناو هەرێم، بۆیە بە هیچ شێوەیەک نابێت پشتگیریان بۆ بکرێت بۆ بنکەى نشینگە”.

لە نوسراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، شۆفێر تەنیا لە دوو حاڵەتدا دەتوانێت بەبێ ئۆتۆمبێلەکەى بگەڕێتەوە، ئەویش پرسە و نەخۆشییە، بەو مەرجەى بیسەلمێنێت.

هاوکات، شۆفێری تانکەرێکی سووتەمەنی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964ـى راگەیاند، هەموو شۆفێرەکان لە بڕیارەکە زۆر ناڕازین و دەبێتە ئاستەنگ بۆ ژیانیان، چونکە بۆ هەر جارێک پێویست دەکات 12 تا 15 رۆژ لە وڵاتی ئێراندا بمێنینەوە.

ئەو شۆفێرە ئەوەشی خستەروو، پێشتر کاتێک دەچوونە وڵاتی ئێران تا بارەکانیان خاڵی دەکرا دەگەڕانەوە و لە فەرمانگەی نشینگەوە پشتگیرییان بۆ دەکرا و دواتر کە بارەکە خاڵی دەبوو دەچوونەوە بۆ ئێران و ئۆتۆمبێلەکانیان دەهێنایەوە.

پێداچوونەوە – وریا فەتاح

سنە؛ قەبارەی بازرگانی باشماخ و سەیرانبەن چوار ملیار دۆ...

سنە؛ قەبارەی بازرگانی باشماخ و سەیرانبەن چوار ملیار دۆلارە