نزیکەی لەوەی بکەری سەرەکی دیاری بکرێت
ئەو گروپەی دەڵێن بازاڕی لەنگەی هەولێرمان سووتاندووە کێن؟
964+
فەهمی نەبی
هێشتا 24 کاتژمێر بەسەر سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر تێپەڕی نەکردبوو، گروپێکی نەتەوەپەرستی تورکیا کە ناویان لەخۆیان ناوە “تەشکیلاتی عەهدی میللی تورکی” سووتاندنی لەنگەی هەولێریان لەئەستۆ گرت، 964 سەروسۆراغی بۆ بنەچەی ئەو گروپە کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێک لە حزبە تورکمانیەکانی کوردستان بەیاننامەیەکیان بەرامبەر ئەو گروپە دەرکرد و داوای لێکۆڵینەوە دەکەن.
کاتێک لە ماشێنی گەڕانی گوگڵ بەدوای ناوی ئەو گروپە دەگەڕێیت، تەنیا یەک ماڵپەڕی ئەو ناونیشانە بەردەستە و سێ بابەت لەو ماڵپەڕە بڵاوکراوەتەوە، بابەتی یەکەمیان لە 10ی تشرینی یەکەمی 2023 بووە لەو بابەتە نوسیویانە، “چەند دوکانێکمان لە کەرکوک سووتاندووە، ئەگەر پەیوەندەکەمان وەڵام نەدرێتەوە وەڵاممان توندتر دەبێت”. بابەتی دووەم لە 22.1.2024 بڵاوکراوەتەوە و دەڵێن، لەبازاڕی ئەحمەد ئاغای کەرکوک چەند دوکانێکی خەڵکی کوردیان سووتاندووە و بەردەوامیش دەبن لەسەر ئەو کارەیان دژی کورد و بانگەشەی هەڵکردنی ئاڵای تورکیا لەو شارە دەکەن، دواترینیان بابەتی سێیەمە کە 28.2.2024 بڵاوکراوەتەوە و سووتاندنی بازاڕی لەنگەی هەولێریان لە ئەستۆ گرتووە.
هەرسێ بابەتەکە ناوی (ئەلپ ئەرسەلان یەزار)ی لەسەرە، کاتێک لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بەدواداچوون بۆ ئەو ناوە دەکەی، کۆمەڵێک ئەکاونت بەردەستن، سەرجەمیان کەسانی سەر بەو گروپانەن کە بانگەشە بۆ هێمای “گورگەبۆر” دەکەن و وتار و وێنەی تایبەت بە میساقی میللیان بڵاوکردەوەتەوە، بەڵام بەدیاریکراوی نازانرێت کام لەو ئەکاونتانە بەڕێوەبەری ئەو ماڵپەڕەیە کە چالاکی دژ بە کورد بڵاودەکاتەوە.
هێمای گروپەکە
ئەو گروپەی ناویان لەخۆیان ناوە، “تەشکیلاتی عەهدی میللی تورکی” لەبەشی سەرەوەی پێگەکەیان نەخشەیەکیان داناوە کە ئاماژەیە بەڕووبەری دەوڵەتی عوسمانی بە ناوچەکانی ویلایەتی موسڵەوە، لەناو نەخشە رەنگ خۆڵەمێشیەکە ئەستێرە و مانگ و گورگ هەیە.
عەهدی میللی چییە؟
تورکەکان میساق یان عەهدی میللی بە “سوێند و پەیمانی نەتەوەیی” ناودەبەن، میساقەکە بریتی بوو لەو پێشنیارانەی مستەفا کەمال ئەتاتورک و هاوڕێکانی کاتێک خستیانە بەردەم دواهەمین دانیشتنی “مەجلیسی مەبعوسانی دەوڵەتی عوسمانی” سەرەتای ساڵی 1920 وەک بڕیار پەسەندکرا و شەش خاڵە.
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بۆ چەندینجار دەسەڵاتدارانی حکومەتی تورکیا دەڵێن، ساڵی 2023 رێکەوتننامەی لۆزان کۆتایی دێت و ئیدی ناوچەکانی ویلایەتی موسڵمان دەوێتەوە، “ویلایەت، دابەشکاریەکی کارگێڕی بوو لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ویلایەتی موسڵ لەسێ سەنجەق پێکدەهات، موسڵ، کەرکوک و هەولێر.
تەنانەت ساڵی 2015 لە ریکلامێکی کەمپەینی هەڵبژاردندا، رەجەب تەیب ئەردۆگان بەروونی ئاشکرای کرد، کە ئەوان ناوچەکانی ویلایەتی موسڵ بەخاکی تورکیا دەزانن و دەیانەوێتەوە، لە ریکلامی کەمپەینەکە چەند سەربازێک دەردەکەون لەبەردەم ئاڵای تورکیا و لە ناوچەیەکی موسڵ نوێژدەکەن.
بۆچوونی پارێزگار و ئاسایشی هەولێر لەسەر ئەو گروپە چییە؟
بازاڕی لەنگەی هەولێر دەکەوێتە نێوان شەقامی 40 مەتری و 100 مەتری شاری هەولێر، ئێوارەی رۆژی سێشەممە لەپڕ هەواڵی ئاگر گرتنی ئەو بازاڕە بوو بە گەرمترین رووداو، بەپێی راگەیەنراوی پارێزگای هەولێر لە کۆی دوو هەزار و 400 دوکانی ئەو بازاڕە 166 دوکان بەتەواوی سووتاوە، بەڵام لە راگەیەنراوی ئەو گروپەی ناویان لەخۆیان ناوە “تەشکیلاتی عەهدی میللی تورکی” دەڵێن، “لە کۆی دوو هەزار و 315 دوکان، هەزار و 315 دوکانیان بە تەواوی سووتاندووە”.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر چەند دەقیقەیەک دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە رایگەیاند، ئەوان لیژنەیەکی لێکۆڵێنەوەیان پێکهێناوە، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم بەداواچوونە ئەنجامی ئەو لیژنەیە رانەگەیەنراوە.
لەبارەی لەئەستۆگرتنی سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر لەلایەن گروپێکەوە 964 پەیوەندی کرد بە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ئەو تەنیا هێندەی وت، “ئێمە ئاگاداری ئەو بابەتەین”.
بەڵام سەرچاوەیەکی کارگێڕی ئیدارەی هەولێر بە 964ی وت، لێکۆڵینەوە لە ئاشکراکردنی خەتاباری سەرەکی کەوتنەوەی ئاگرەکە نزیک کەوتووەتەوە لە کۆتایی و بەئەگەری زۆرەوە خاوەن یەکێک لە دوکانەکان خەتابارە و ئەو بووەتە هۆکاری دروستبوونی ئەو ئاگرە.
سەبارەت بەو گروپە ئەو سەرچاوەیە وتی، ئەم بابەتە پەیوەستە بە ئاسایشەوە و ئەوان دەبێت لێکۆڵینەوە لەوە بکەن.
964 پەیوەندیکرد بە موقەدەم ئەردەلان وتەبێژی ئاسایشی هەولێر کرد ئەو وتی، “ئێمە لێکۆڵینەوەکانمان لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی لەنگە بەردەوامە، تا ئەنجامی کۆتایی دەرنەچێت ناتوانین لەسەر هیچ بابەتێک قسە بکەین”.
لەبارەی ئەو گروپە موقەدەم ئەردەلان هێندەی وت، “تا لیژنەی لێکۆڵینەوە بڕیار نەدات، لەسەر هیچ گروپێک قسەیان نییە”.
لایەنە تورکمانەکانی هەولێر لەسەر ئەو گروپە چی دەڵێن؟
حزب و لایەنە سیاسیە تورکمانیەکان لە بەیاننامەیەکدا کە رێککەوتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29.2.2024ی لەسەرە رایانگەیاندووە، “دوای کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کە زیانێکی مادی زۆر بە کاسبکاران و دووکاندارانی ئەو بازارە گەیاند، گروپێکی رەگەزپەرستی تورک بەیاننامەیەکیان بڵاوکردۆتەوە و ئەو رووداوەیان لە ئەستۆ گرتووە، ئێمە وەک لایەنە سیاسیەکانی تورکمانی دژایەتی خۆمان بۆ هەر گروپ و بەیاننامەیەک ڕادەگەیێنین کە بیانەوێ ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر بکەنە ژێر پرسیارەوە و هەوڵ بۆ تێکدانی بدەن و رووداوی نەخوازراو و پشێوی بنێنەوە”.
حزب و لایەنە سیاسیە تورکمانیەکان داوا دەکەن حکومەت بەدواداچوونی ورد بکەن بۆئەوەی رێگەنەدەن هیچ دەستێک ئاسایشی هەولێر تێکبدات.
مونا قاوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمانی بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ئەو بەیاننامەیە گوزارشتە لەزۆربەی لایەنە سیاسیە تورکمانەکان، گروپێک هەوڵیان داوە چاوەشەکاری و ئاژاوە بکەن، بۆیە بە پێویست زانرا ئەو بەیاننامەیە هەبێت.