بازاڕی شیلک لە سلێمانی. وینە :964
ئەو مادانە چین پێوەی دەکرێت؟
هۆشداری لەبارەی ئەو شلکەوە دەدرێت کە هاوردەی هەرێم دەکرێت
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
هۆشداری لەبارەی ئەو شلکەوە دەدرێت کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، پزیشکێکیش دەڵێت، بۆ پێگەیاندن چەند دەرمانێکی پێوەدەکرێت ئەگەر بچێتە لەشی مرۆڤەوە دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە.
د.زانا ئەحمەد پزیشکی پسپۆڕ لە خۆراکدا لە شاری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو شلکە هاوردەکراوەی ناو بازاڕی هەرێم زۆرینەی بە شێوەیەکی نائۆرگانی بەرهەمهاتووە و دەرمانێکی زۆری مێروکوژ و دژەکەڕووی پێوەدەکرێت.
وتیشی، “سێ مادەی زۆر خراپ لە شلیکدا هەیە و یەکێک لەوانە بۆ کوشتنی کەڕووە، کە هۆکارێکی سەرەکی شێرپەنجەیە لە مرۆڤدا و کاریگەری خراپی هەیە لەسەر دەماغی مرۆڤ و بەرگری لەش لاواز دەکات، جۆری دووەمیان دەرمانێکە کە بۆ کوشتنی مێرو بەکاردێت، کاریگەری خراپی هەیە لەسەر جگەر و غودەی دەرەقی و کاریگەری لەسەر نەشونمای مێردمنداڵ و هەروەها کاریگەری خراپی لەسەر کۆئەندامی زاوزێی ژن و پیاو و لەوانەیە توشی نەزۆکیان بکات، مادەی سێیەم بۆ کوشتنی گژوگیای سەر نەمامی شلکەکە بەکاردێت و بەپێی توێژینەوەکان هۆکارێکە بۆ شێرپەنجە لە لەشی مرۆڤدا”.
سەبارەت بەو شلکە کوردییەی لە هەرێم بەرهەمدێت، ئەو پزیشکە وتی، “ئێستا توێژینەوەیەکی وامان لا نییە بۆ ئەوەی بزانین ئایا تا چ رادەیەک ئەو شلکەی کە لە کوردستان دروستدەکرێت لەو مادە خراپانەی دەکرێت بەسەردا یاخود نا”.
سەبارەت بە چۆنیەتی خواردن و شتنەوەی شلک ئەو پزیشکە دەڵێت، “باشترین شت بۆ خۆپاراستن لە زیانەکانی ئەو مادانەی بە شلکەوە دەکرێت پاک شۆردنەوەی شلکەکەیە لەناو ئاوی گەرم و خوێ یاخود سرکەی سێو بۆ ماوەی چەند دەقەیەک تاوەکو بڕێکی زۆری ئەو مادە خراپانە لەناو دەچن، بەو جۆرەش هێشتا بڕێکی ئەو مادانە هەر دەمێننەوە، بەڵام باشترە”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی