964 لەسەر هێڵ بوو
رێگای سایەسیتی لە سلێمانی لە زبڵ پاككرایەوە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دوای دوو مانگ لە كۆبونەوەی خۆڵ و خاشاكێكی زۆر لەسەر رێگای سەرەكی سایەسیتی لە سلێمانی، ئەمڕۆ رێگاكە پاككرایەوە، لێپرسراوی خزمەتگوزاری لە شارەوانی راپەرین دەڵێت، “ئۆتۆمبێلی پاككەرەوەكانمان شكاون، فریای پاككردنەوەی سنوورەكەمان ناكەوین”.
كازم مەجید، لێپرسراوی خزمەتگوزاری شارەوانیی راپەرین بە 964ی وت “ئەمڕۆ بە هەوڵ و بەدواداچونی تۆڕی 964 هەڵمەتێكی پاككردنەوەی رێگای سایەسیتیمان ئەنجام دا، پێشووتر رۆژ نا رۆژێك ئەم رێگایەمان پاكدەكردەوە، بەڵام ئێستا ئامێرەكانی پاككەرەوەمان شكاوە و ئەگەر وابڕوات هەفتانە جارێك زیاتر ناتوانین ئەم پرۆژەیە پاكبكەینەوە”.
ئێستا تەنیا ئۆتۆمبێلێكی پاككەرەوەمان لەكاردایە و داوامان لە شارەوانیی راپەڕین كردووە ئامێرەكانی دیكەمان بۆ چاكبكاتەوە، بەڵام لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست تا ئێستا بۆمان چاكنەكراوەتەوە، كازم مەجید ئەمەی بە 964 وت.
سایەسیتی یەكێك لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونی شاری سلێمانیە و دەكەوێتە گەڕەكی قولەرەیسی و 216 ماڵە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن