حەماس سەرەخۆشی هەیە
ئەبو باقر ئەلساعدی کێ بوو؟
964+
فەهمی نەبی
دوای ئەوەی ئەمشەو کاتژمێر 9:35 لەناوچەی مەشتەلی بەغدا هێرش کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک، دەرکەوت دوو سەرکردەی باڵای کەتائیبی حزبوڵا لەناو ئۆتۆمبێلەکە هەن، یەکێک لەوانەی هەر زوو ناوی بڵاوکرایەوە و زۆرترین سەرنجەکانی چووەتە سەر، وسام محەمەد سابر ئەلساعدی بوو کە بە (ئەبو باقر ئەلساعدی) ناسراوە.
هەر زوو حزبوڵای عێراق کوژرانی دوو سەرکردەی راگەیاند.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبارەی ئەبو باقر ئەلساعدی بڵاوکراوەتەوە، ئەو یەکێک بووە لە فەرماندە دیارەکانی حزبوڵای عێراقی و بەرپرسی سیستمی موشەکی و کردەوەکانی ئەو گروپە بووە لە سوریا.
گروپەکانی نزیک لە مقاوەمەی ئیسلامی ناسنامەی ئەبو باقر ئەلساعدیان بڵاوکردەوەتەوە، وەک دەردەکەوێت پلەی راوێژکاری هەبوو لە دەستەی حەشدی شەعبی.
ئەبو باقر ئەلساعدی لەناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری Jeep کراوەتە ئامانج کە ژمارەکە (٢٦٤٤٧ بغداد خصوصی) بووە.
وەک کاردانەوەی سەرەتا بزوتنەوەی حەماس سەرەخۆشی لە حزبوڵای عێراق کرد، ئوسامە حەمدان یەکێک لە سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس بە کەناڵی مەیادینی وتووە، ئەوان “پیرۆزباییان هەیە بۆ شەهید بوونی ئەبو باقر ئەلساعدی کە لە رێگای قودس شەهید بووە”.
بەرپرسێکی پەنتاگۆن بۆ سکای نیوز ئاشکرای کردووە، لەرێگای هێرشی ئاسمانیەوە ئەوان ئۆتۆمبێلەکەیان کردووەتە ئامانج.