گه‌شتوگوزارى هه‌ڵه‌بجه‌ كارى بۆ ده‌كات

كار بۆ گه‌یاندنى خزمه‌تگوزارى بۆ جۆگه‌ڵه‌كه‌ى نێوان هه‌رێم و ئێران ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

گه‌شتوگوزارى هه‌ڵه‌بجه‌ كار له‌سه‌ر گه‌یاندنى پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزارى بۆ سه‌ر ئه‌و جۆگه‌ڵه‌یه‌ ده‌كات، كه‌ سنوورى نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتى ئێران له‌یه‌كترى جیاده‌كاته‌وه‌.

جۆگه‌ڵه‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ سنوورى ناحیه‌ى بیاره‌ له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌.

چیا قاسم حه‌مە سه‌لیم، بەڕێوەبەری گشتیی گه‌شتوگوزارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند سه‌ردانى ئه‌و شوێنه‌ى كرد و بیرۆكه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌ پێویستییه‌كانى بۆ سه‌ر ئه‌م جۆگه‌ڵه‌یه‌ دیاریكردووه‌.

چیا قاسم به‌ 964ـى راگه‌یاند “جارێ له‌ سه‌ره‌تاى كاركردنین له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ و ده‌مانه‌وێت له‌ دوورترین خاڵى سنووری خزمه‌تگوزارى بۆ گه‌شتیاران هه‌بێت” .

ئه‌و موڵكانه‌ى له‌سه‌ر جۆگه‌ڵه‌ ئاوه‌كه‌ن به‌لاى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ موڵكی تایبه‌تن و پێویسته‌ گه‌شتوگوزار ره‌زامه‌ندى خاوه‌ن موڵكه‌كان وه‌ربگرێت.

ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گه‌شتوگوزارى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ تێبینی كردووه‌ بكرێت، بریتین له‌ شوێنى دانیشتن و كورسى و رێكخستنى شوێنه‌كه‌و دروستكردنى پێویستییه‌كانى گه‌شتیاران.

به‌ قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى، له‌ قۆناغى داهاتوودا سه‌رقاڵى ئامادەکردنی دیزاین و دەرخستە ده‌بن بۆ ئه‌و پڕۆژە گەشتیارییه‌.