لە دوێنێوە نەیاندۆزیوەتەوە
پۆلیسی دارستانی سلێمانی بە دوای کەسێکەوەیە زیاتر لە 100 داری بڕیوەتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بەدوای کەسێکەوەیە کە زیاتر لە 100 داربەڕووی تەڕی بڕیوەتەوە و رایکردووە.
ئەو کەسە دوێنێ چوارشەممە لە گوندی گەڕەدێی ناحیەی سیتەک دارەکانی بڕیون، بەڵام هەواڵ بە پۆلیسی دارستان دەدرێت و کاتێک دەگەنە شوێنەکە ئەو کەسە لەوێ نەماوە.
هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، مەفرەزەمان بۆ ئەو کەسە دەرکردووە و فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە و هەرکات دۆزیانەوە دەستگیرکردنەکەی رادەگەیەنین.
وتیشی، “ئەو کەسە رایکردووە و خۆی لە یاسا شاردووەتەوە و هەرکات دەستگیر بکرێت بێگومان سزاکەی قورستر دەبێت”.
بەپێی رێنماییەکانی دەستەی ژینگەی هەرێم، هەرکەسێک دارێک ببڕێتەوە بڕی 500 هەزار دینار سزا دەدرێت.
ساڵی رابردوو پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی 501 هاوڵاتی دەستگیر کردووە کە زۆرینەیان لەسەر بیرلێدان و داربڕین بوون.