سلێمانی کەمترین و هەولێر زۆرترینی بەرکەوتووە

بۆچی دابەشکردنی نەوت و بەنزین لەنێوان شارەکان جیاوازیان هەیە؟

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم دەڵێت، ئەمساڵ بەو نەوتەی خۆیان بەرهەمیان هێناوە لەگەڵ ئەوەی حکومەتی عێراق ناردویەتی، نزیکەی 219 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیان دابەشکراوە، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، پارێزگای سلێمانی کەمترین نەوتی بۆ رۆیشتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان رایگەیاندووە، ئەو نەوتەی هەرێم دابینکردووە تا دوێنێ سێشەممە بەمجۆرە دابەشکراوە:

هەولێر، زیاتر لە 93 ملیۆن لیتر، سلێمانی، نزیکەی 80 ملیۆن لیتر، دهۆک، زیاتر لە 46 ملیۆن لیتر، بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە سلێمانی بەراورد بە شارەکانی دی نەوت کەمتر دابەشکراوە، زیاتر لە 75%ی سلێمانی نەوتی وەرگرتووە، لە کاتێکدا ئەو رێژەیە لە هەولێر 97% و لە دهۆک 83%یە، ئەم رێژانە لەهەر سێ پارێزگاکەی هەرێم دەکاتە زیاتر لە یەک ملیۆن خێزان.

سەبارەت بەو نەوتەی عێراق ناردویەتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەڵێت، تا دوێنێ سێشەممە، بەغدا زیاتر لە هەشت ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە. لەم رێژەیە کەمترینی بەر پارێزگای سلێمانی کەوتووە، سلێمانی، زیاتر لە ملیۆنێک لیتر نەوتی بۆ چووە، هەولێر، نزیکەی 4.5 ملیۆن لیتر، دهۆک، نزیکەی سێ ملیۆن لیتر.

بەپێی زانیاری 964 بەشێکی کەمی ئەو داتایانەی پەیوەندیان بە کەمی دابەشکردنی نەوتەوە هەیە لە پارێزگای سلێمانی، هۆکاری رەتکردنەوەی ئەو پارێزگایەیە بەو نرخەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دیاریکردووە کە 105 هەزار دینارە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت.

سەبارەت بە دابەشکردنی بەنزین، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەڵێت، تا رۆژی 9.1.2024 لە هەردوو پاڵاوتگەی لاناز و کار بڕی نزیکەی 1.3 ملیۆن لیتر بەنزینی نۆرماڵ دابینکراوە و بەمجۆرە دابەشکراوە:

هەولێر، 648 هەزار لیتر
سلێمانی، 324 هەزار لیتر
دهۆک، 360 هەزار لیتر.

دابەشکردنی نەوتی سپی لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

دابەشکردنی نەوتی سپی لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە