وەبەرهێنەرەکە قوتابخانەیەک رادەست ناکات

لە شارەزوور سێ قوتابخانەى 18 پۆلى لە قۆناغى تەواوبوندان

964+

بڕوا مەجید – شارەزوور

لە شارەزور سێ قوتابخانەى 18 پۆلى لە قۆناغى تەواوبوندان، بەڵام بەهۆى خەرجنەکردنى پارە، وەبەرهێنەرێک ئامادەنییە قوتابخانەکە رادەستى وەزارەتى پەروەردە بکات.

بەپێى بەدواداچونەکانى 964، لە ساڵى 2015ـەوە، بەردى بناغەى سێ قوتابخانەکە دانراون، بەڵام بەهۆى قەیرانى دارایى و خەرجنەکردنى پارەى پێویست چەند جارێک کارکردن لە پڕۆژەکاندا وەستێنراون.

ئەرسەلان محەمەد کە وەبەرهێنەرى یەکێک لە قوتابخانەکانە، قسەى بۆ 964 کردووە و وتی، “یەکێک لە قوتابخانەکان 95%ى کارەکانى تەواو بووە و بەبڕى 200 ملیۆن دینار کارم تێدا کردووە، بەڵام تائێستا پارەکەم وەرنەگرتووە بۆ تەواوکردنی ئەوبەشەی تری قوتابخانەکە کە پێویستییم بە 300 ملیۆن دینارى دیکەیە”.

ئەو وەبەرهێنەرە جەخت دەکاتەوە، ئەگەر پارەى پێویستى پێنەدرێت، پڕۆژەکە رادەست ناکات.

لاى خۆیەوە، مەحمود حەمە ئەمین، بەڕێوەبەرى پەروەردەى شارەزوور بە 964ى وت،”ئەو قوتابخانانە لە قۆناغی تەواوبوندان، یەکێکیان ئامادەیە بۆ وەرگرتن و 18 پۆلییە”.

رادەست نەکردنى قوتابخانەکان کێشەى دروستکردووە

“بەهۆى خەرجنەکردنى پارەى پێویست بۆ وەبەرهێنەرى قوتابخانە تەواو بووەکە، وەبەرهێنەر ئامادەنییە خوێندنگەکە رادەست بکات”، بەڕێوەبەرى پەروەردەى شارەزور واى وت.

بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتە، 964 قسەى لەگەڵ رزگار غەفور قایمقامى قەزاى شارەزور کرد و دەڵێت: لەگەڵ وەزیر و بەڕێوەبەرى پەروەردە و کۆمپانیاى وەبەرهێن کۆبوینەوە تا بگەین بە رێککەوتن، بۆیە پێشنیازمان بۆ خاوەنى کۆمپانیاکە کرد کە ئەو بڕە پارەیەى ماوییەتی بە چەند جارێک پێی بدرێت.

سەرەڕاى پێشنیارەکە، بەڵام بە وتەى قایمقامى شارەزوور، کۆمپانیاى وەبەرهێن رازی نەبووە بە کردنەوەی قوتابخانەکە بەڕووی خوێندکاراندا، تا تەواوى تێچووەکەى وەرنەگرێت.

پێداچونەوە؛ وریا فەتاح