بریندار هەیە
لەسەر دیاریکردنی سەرۆک هۆز دوو بنەماڵە لەبەردەم دادگای شێخان کردیان بە شەڕە تەقە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە بەردەم دادگای قەزای شێخان لەنێوان دوو بنەماڵە شەڕە تەقە روویدا و برینداری لێکەوتەوە، شەڕەکە بەهۆی ناکۆکیی نێوان دوو بنەماڵە بوو کە بڕیاربوو دادگا کێشەکەیان بۆ یەکلایی بکاتەوە.
رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 4.12.2023 بووە، بەگوێرەی زانیاریەکانی 964 ئەو دوو بنەماڵەیەی شەڕەکەیان کردووە عەرەبن و لە گوندی تاق حەرب سەر بە ناحیەی زێلکانی قەزای شێخان نیشتەجێن، هەردوولا سەر بە هۆزی حەدیدن و کێشەکەیان لەسەر دیاریکردنی سەرۆک هۆز بووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە قەزای شێخان بە 964ی وت: “بنەماڵەیەک بە چەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنەماڵەکەی دیکە، لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون و ئیستا لە نەخۆشخانەی شێخان چارەسەر وەردەگرن و دۆخی یەکێکیان خراپە”.
وتیشی: پۆلیسی شێخان دوو کەسی دەستبەسەر کردووە و کەسێکی تر لەدەستی هیزە ئەمنییەکان هەڵاتووە.
پێداچوونەوە: موحسین عومەر