دادوەر بڕیاری راگرتنی داوە
قایمقامی هەولێر بۆ 964: ئەو کەسەمان دەستگیرکرد کە تەقەی لەمانگاکە کردبوو
964+
شۆرش هەرکی – هەولێر
هێزەکانی پۆلیسی شارەوانی لە هەولێر، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە، کە لە ڤیدیۆیەک دەردەکەوێت لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر تەقە لە مانگایەک دەکات، ئەمە قسەی قایمقامی هەولێرە بۆ 964.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.11.2023، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر ئەوەشی وت، “دوای ئەوەی ڤیدیۆکەمان بینووە کە هاوڵاتییەک تەقە لە ئاژەڵێکی ماڵی دەکات، پۆلیسی شارەوانیمان راسپارد کە بەدواداچوون بۆ ڤیدیۆکە بکەن و کەسی تەقەکەر بدۆزنەوە، بەیانی ئەمڕۆ توانیویانە دەستگیری بکەن”.
بەوتەی قایمقامی هەولێر بێت، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە لەکاتی وەرگرتنی ئیفادی پۆلیس وتویەتی، مانگاکە نەخۆشی شێتی هەبووە بۆیە تەقەی لێکردووە، بەڵام ئەمە بیانویەکی زۆر لاوازە.
بەپێی زانیارییەکان دادوەری ئیشکگر بڕیاری راگرتنی تەقەکەرەکەی داوە، تا لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکرێت.
دوێنی چوارشەممە لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر کەسێک دەردەکەوێت چەند جارێک بە کلاشینکۆفەکەی دەستی تەقە لە مانگایەک دەکات و دەیکوژێت.