وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ وا دەڵێت

“ئەو جوتیارەی فۆرم پڕ نەکاتەوە ئەمساڵ گەنمی لێ وەرناگیرێت”

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی کشتوکاڵ داوا لە جوتیاران دەکات لەماوەی 45 رۆژدا فۆرمی زانیاری جوتیاری راستەقینە پڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو فۆرمانە پلانی وەرزی چاندنی زستانە دابڕێژرێت، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی بەبازاڕکردنی گەنم، بەپێچەوانەوە گەنمیان لێ وەرناگیرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە بەشی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاندووە، پێویستە هەموو جوتیاران “فۆرمی زانیاری جوتیاری راستەقینە” پڕ بکەنەوە و لەماوەی 1.11.2023 تا 15.12.2023 دەبێت ئەو پرۆسەیە تەواو بێت.

هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، پێویستە جوتیاران فۆرمەکە پڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی ناویان بچیتە ناو داتابەیس و بەر لە سەری ساڵ بێردرێت بۆ بەغدا.

بەوتەی هیوا عەلی، “ئەو جوتیارەی فۆرمەکە پڕ نەکاتەوە ئەمساڵ گەنمی لێ وەرناگیرێت”.

وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، جوتیاران کاتێک فۆرمەکە پڕ دەکەنەوە، پێویستە ئەم زانیاریانەی تێدا بێت، (ناوی جوتیار، رووبەری زەوی چیندراو و پڕشتنی پێشبینیکراو).

لەئەمڕۆوە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بە هەماهەنگی لقەکانی یەکێتی جوتیاران، لەگەڵ ئەنجومەنی گوندەکان لیژنەیەک پێکدەهێنن و سەردانی زەویەکانی جوتیاران دەکەن و زانیاریەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بە جوتیاران دەگەیەنن، وەزارەتی کشتوکاڵ وا دەڵێت.

نیشانەی کۆتاییهاتنی وەرزی کشتوکاڵ دیاری دا

نیشانەی کۆتاییهاتنی وەرزی کشتوکاڵ دیاری دا