فاسۆڵیایه‌كى كون كون و برنجێكى به‌سه‌رچوو

كێشه‌ی به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ى سلێمانى ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌شه‌ خۆراكى ئه‌م مانگه‌، كه‌ به‌سه‌ر بریكاره‌كانى خۆراكى سلێمانى دابه‌شكراوه‌، كه‌موكوڕى و كێشه‌ى زۆرى هه‌یه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى به‌دواداچوونى بۆ كردووه‌ ده‌ڵێت، فاسۆلیاكه‌ى كون كون و كێشى به‌شێكى خۆراكه‌كانى دیكه‌ش كه‌مه‌.

بڕیار ره‌شید، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق به‌ 964ـى راگه‌یاند، کۆمەڵەی بریکارانی خۆراکی کوردستان سه‌ردانیان كردووه‌ و له‌ خراپی كوالێتى هه‌ندێك له‌ ماده‌كان ئاگاداریان كردوونه‌ته‌وه‌.

وتیشی “سەردانی بەشێک لە بریکارانی خۆراکمان کرد و دڵنیابووینەوە لە خراپیی بەشێک لەو مادانە، کە هیچ گونجاو نین بۆ خواردن و بەکارهێنان”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، به‌شێك له‌ ماده‌ خۆراكییه‌كان به‌سه‌رچوونه ‌و به‌شێكێكیشیان كێشیان كه‌متربوو لە کێشی راستیی خۆیان .

باسی له‌وه‌ش كرد، مانگانه‌ كێشه‌ و گرفت له‌ به‌شێك له‌و ماده‌ خۆراكییانه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ سلێمانى به‌سه‌ر بریكاره‌كانى خۆراكدا دابه‌ش ده‌كرێن.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، بێدەنگ نابن لەم غەدرەی لە هاوڵاتیان دەکرێت و بە دواداچونی تەواوی بۆ دەکەن، ته‌نانه‌ت وتیشی، “ئه‌م بابه‌ته‌ جگه‌ له‌ وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراق،  ده‌یگه‌یه‌نمه‌ لاى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقیش”.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌كدا نه‌وزاد شێخ كامیل به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی بازرگانیى هه‌رێم بۆ 964 نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ له‌ناو به‌شه‌ خۆراك نه‌بێت، وتیشی “ئێمه‌ ئاگادارین و حكومه‌تى عێراقیشمان له‌و كه‌موكوڕیانه‌ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌”.

له‌ باره‌ى هۆكارى كێشه‌ و گرفته‌كانیش، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌شێك له‌و ماده‌ خۆراكیانه‌ له‌ وڵاتانى دووره‌وه‌ دێن، تا ده‌گه‌نە عێراق، تێكده‌چن، دووپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ركات ماده‌ خۆراكییه‌كان بگات، دابه‌شی سه‌ر بریكاره‌كانى ده‌كه‌ن و له‌ كۆگاكاندا نایهێڵنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌و مادانه‌ش، كه‌ كێشیان له‌ كێشی راستى خۆیان كه‌متره‌، وتی “بریكاره‌كانمان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و حاڵه‌تانه‌یان هه‌بوو بۆیان قه‌ره‌بوو ده‌كه‌ینه‌وه‌”.