حکومەت بەنیازە تا دوو ساڵی دیکە سەرجەم کارمەندەکانی بە کارت موچە وەربگرن
964+
ژووری هەواڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەنیازن تاوەکو کەمتر لە دوو ساڵی دیکە، پرۆژەی “هەژماری من” سەرجەم فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بگرێتەوە.
هەژماری من پرۆژەیەکی حکومەتی هەرێمە و هاوشێوەی کی کاردە، بۆ ئەوەیە لە داهاتوودا فەرمانبەرەکانی لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنیەوە موچە وەربگرن.
کی کارد کارتێکی ئەلیکترۆنیە و فەرمانبەرانی عێراقی موچەی پێوەردەگرن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی تشرینی 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێری کرد و لەوێ لەکاتی پرۆسەی تۆمارکردنی کارمەندەکان لە هەژماری من، وتارێکی پێشکەشکرد.
لە قسەکانیدا وتی، “ئومێدمان وایە تا كەمتر لە دوو ساڵ، ئەمە هەموو فەرمانبەرانی كەرتی گشتی بكرێتەوە، لە هەمان كاتدا هەوڵی ئەوەشمان داوە كە لەگەڵ بانكەكانیش ڕێك بكەوین و كەرتی تایبەتیش بخرێتە ئەم پرۆسەیەوە”.
باسی لەوەش کرد، “ئەو پرۆسەیە ئاسانكارییەكی زۆر دەكات لە كڕین و مامەڵەی رۆژانە بۆ هاوڵاتیان، بەڵام لە هەمانكاتدا یارمەتیدەرێكی زۆریش دەبێت لە پێدانی موچەش لە كاتی خۆی و رێگریكردن لە گەندەڵی و لە سپیكردنەوە”.