دیمه‌نى سندوقى هه‌ڵبژاردنێكی عێراق له رابردوودا ... وێنه: واع
زیندانى كردنیشی تێدایه
كۆمسیۆنی باڵا سزاى بۆ كاندیدى سه‌رپێچیكار دیاریكرد
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سزاى جۆراوجۆرى بۆ ئه‌و كاندیدانه داناوه كه سه‌رپێچی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش زیندانیكردن یه‌كێكه له سزاكان.
عیماد جەمیل، سەرۆكی بەشی راگەیاندن لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، به ئاژانسی هه‌واڵى عێراقى (واع) راگه‌یاندووه، ئامادەکارییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و چاودێرییكردنی ئەو پڕۆسەیە له عێراقدا كردووه.
وتیشی “كۆمسیۆن 622 تیمی چاودێری و لیژنەیەكی ناوەندی بۆ چاودێرییكردنی بانگەشەكان لە سەرتاسەری عێراق پێكهێناوە، ئەوانه‌ى سەرپێچیش بكەن سزا دەدرێن”.
روونیكرده‌وه، هەر كاندیدێك لە كاتی بانگەشە پارە بدات بە هاوڵاتییان یان موڵكی گشتی لە كاتی بانگەشەدا بەكاربهێنێت، سزا دەدرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، سزاكانی كۆمسیۆن له‌رووى مادییه‌وه ده‌گاته 50 ملیۆن دینار، لەوانەیە سه‌رپێچیكاریش سزای زیندانی تاوه‌كو یەك ساڵى بەسەردا بسەپێنرێت.
باسی له‌وه‌شكردووه “ئەگەر سەلمێندرا كاندیدێك دروشمی دەمارگیرانەی بەكارهێناوە و هەوڵی بڵاوكردنەوەی ئاشووبی داوە یان سووكایەتی بە كاندیدەكانی تر كردووە، ئەوا ئەو كاندیدە دوور دەخرێتەوە لە هەڵبژاردن”.
رۆژى 18.12.2023 له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاریكراوە، پێشتریش حكومه‌ت پاڵپشتی بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش دووپات كردبووەوە.